Zana Natık Kerem
25 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2018
بەغدا ــ AA
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند کە لە مانگی ئابی رابردوودا، ١١١ ملیۆن و ٦١ بەرمیل نەوتی ھەناردەی دەرەوە کردووە و ئەمەش بەراورد بە مانگی تەمووزی رابردوودا بە رێژەی ١،٠٤ لەسەدا زیادی کردووە.
لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، عاسم جیھاد ئاماژەی بەوەدا کە بەپێی کۆتا ئاماری کۆمپانیای سۆمۆ لە مانگی ئابی رابردوودا، ١١١ ملیۆن و ٦١ ھەزار بەرمیل نەوت لە کێگڵەکانی ناوەڕاست و باشووری وڵات ھەناردەکراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاندووە کە کۆی داھاتە بەدەستھاتووەکانیش لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی ئابی رابردوودا گەیشتووەتە، حەوت ملیارو ٧٣٥ ملیۆن و ٥٤٨ ھەزار دۆلار.
ھەروەھا عاسم جیھاد ئەوەشی گوتووە کە لە مانگی رابردوودا، یەک بەرمیل نەوت بە ٦٩ دۆلار و ٦٥ سەنت فرۆشراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوەشکردووە کە ھیچ بڕە نەوتێک لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە ھەناردە نەکراوە.