Bekir Aydoğan
19 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2022
ھەولێر - AA
ئەو ھاووڵاتییە بەرەچەڵەک ئاسیایانەی کە بەمەبەستی کارکردن روویان لە شاری ھەولێر کردووە، ھەموو رۆژانێکی ھەینی لە بازاڕێکی تایبەت بە خۆیان لە ناوەندی شارەکە، بەرھەمە تایبەتەکانی وڵاتەکانیان دەخەنە بەردەم کڕیارەکان.
لە شوێنێکی بەردەم بازاڕی نیشتمان لە نزیک قەیسەڕی و قەڵای دێرینی شاری ھەولێر، ھاووڵاتییانی بە رەچەڵەک ئاسیایی بەرھەمەکانیان دەخەنە بەردەم سەردانیکەران و لەو شوێنە دەتوانرێت بە نرخێکی گونجاو بەرھەمەکانی خۆراک، کەلوپەلی دیاری و ناوماڵ بکڕدرێت.
بە شێوەیەکی گشتی جموجۆڵی بازارەکە بەرەو نیوەڕۆ گەرم و گوڕی تێدا دەبینرێت و فرۆشیارانیش کە زۆربەیان لە ھاووڵاتییانی بەنگلادیشی پێکھاتوون، کەسانی بە رەچەڵەک پاکستانی، ھیندی و نیپالیش لە نێو ئەو بازاڕەدا ھەوڵی پەیداکردنی بژێوی ژیانیان دەدەن.
فرۆشیارانی بەرەچەڵەک ئاسیایی ھەموو رۆژانی ھەینی بە شێوەیەکی دەستگێر، عارەبانەی تایبەت یان لەسەر نایلۆنێک، بەرھەمەکان وەک بەھارات، سەوزە، رۆن و ماسی جۆراوجۆری تایبەت بە وڵاتەکانیان دەفرۆشن.
بەشێکی ئەو فرۆشیارانە کە ماوەیەکی زۆرە روویان لە شاری ھەولێر کردووە، بە رەوانی دەتوانن بە زمانی کوردی قسە بکەن و کڕیارەکانی ئەو بازاڕەش بە زۆری وەک فرۆشیارەکان لە ھاووڵاتییانی بە رەچەڵەک ئاسیایی پێکھاتوون.
ھاوکات دانیشتوانی شاری ھەولێریش سەردانی ئەو بازارەی بەردەم بازاڕی نیشتمان دەکەن و بەرھەمە دڵخوازەکانی خۆیان لەو شوێنەدا دەکڕن.