Zeynep Hilal Karyağdı
09 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2018
قاهیرە - AA
لە میسر، ماڵەکان بەو کەلوپەلانە دەڕازێنرێنەوە کە لە چڵی دارخورما دروستدەکرێن.
پیشەى دروستکردنی کەلوپەل بە چڵی دارخورما، مێژوویەکەی بۆ سەردەمانێکی زۆر کۆن دەگەڕێتەوە، نەوە لە دوای نەوە تا رۆژانی ئەمڕۆ بەردەوامە.
ئەم پیشەیە زیاتر لە شارەکانی فەییوم و ئەسوان و عەریش بەدیدەکرێت، ئەگەرچی وەکو رابردووش باو نەبێت، بەڵام تا ئێستاش لە هەندێک لە گوندەکان بە پیشەیەکی سەرەکی دادەنرێت.
خەڵکی فەییوم کە ئەم کارەیان لە باو و باپیرانەوە بۆ ماوەتەوە، پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی خۆیان لە چڵی دارخورما دروستدەکەن.
لە گوندی ئیلام-یش لە هەموو ماڵێکدا ئەم کەلوپەلانە بەدیدەکرێن، لەپاڵ ئەمەشدا خەڵکانێک بژێوی رۆژانەیان لە رێگەی ئەم کارەوە دابیندەکەن.
گەنج و بە تەمەنەکانی گوندی ئیلام بەم پیشەیەوە خەریکن، گەشتیاران ئەم کەلوپەلانە دەکڕن و وەک دیاری دەیبەنەوە بۆ وڵاتەکانیان.
لەیلا محەمەد سەعید کە یەکێکە لە دانیشتوانی گوندی ئیلام لە دایک و داپیرییەوە فێری ئەم پیشەیە بووە و تا ئێستاش لەسەری بەردەوامە.
لەیلا محەمەد سەعید بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "چڵە دارخورماکان پاکدەکرێنەوە و دەخرێنە ناو ئاو. ئەگەر بمانەوێت رەنگاڕەنگیش بێت دەبێت بیانخەینە ناو بۆیە. دواتر لەناو قوماشێکی سپی هەڵدەگیرێت بۆ ماوەى یەک شەو. دواجار لەبەر هەتاو دادەنرێت تا وشک دەبێتەوە و بۆ ئیشکردن ئامادە دەکرێت".
- هەناردەى دەرەوەی وڵات دەکرێت
لەیلا محەمەد سەعید گوتی: "ئێمە بەم چڵانە کەلوپەلی جۆراوجۆر دروستدەکەین و بەڕای من ئەمانە لە پلاستیک تۆکمەترن. بەردەوام هەوڵدەدەین شێواز و رەنگی جیاواز بەکاربهێنین" و ئاماژەى بەوەشدا کە بەرهەمەکەکانیان هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکەن.
لەیلا محەمەد سەعید هەروەها گوتی: "نرخی کەلوپەلەکان لە نێوان یەک دۆلار تاکو ١١٥ دۆلارە، ئەمەش بەندە بە شێوە و قەبارەی بەرهەمەکان".
لەیلا محەمەد سەعید رایگەیاند کە ئەو لە رێگەی ئەم کارەوە بژێوی ژیانی خانەوادەکەی دابین دەکات.
ناوبراو هەروەها ئاماژەى بەوەدا کە ئەم پیشەیە بژێوی زیاتر لە ٣٠٠ ماڵ دابین دەکات و گوتی: "قوتابیەکان لە کاتەکانی پشوودا خەریکی ئەم کارە دەبن و کچە گەنجەکانیش لەکاتی شوکردنیان کەلوپەکانی ناو ماڵیان لەم چڵانە دروستدەکەن. گەورە و بچووک بەم کارەوە خەریکن".