Zana Natık Kerem
11 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر ــ AA
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، شێروان میرزا رایگەیاند، بە مەرجی ئەوە دەنگ بە پڕۆژەیاسای پارەدارکردنی کورتھێنانی دارایی (قەرزکردن) دەدەن کە پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاساکەدا، دەستەبەر بکرێت.
شێروان میرزا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە ژمارەیەک لایەنی سیاسیی بەرھەڵستی لە ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان دەکەن بە بیانووی ئەوەی گوایە ھەرێمی کوردستان پابەند نییە بە رادەستکردنی نەوت و داھاتی دەروازە سنوورییەکان بە حکوومەتی عێراق و گوتی:
"ژمارەیەک لایەنی سیاسیی ھەوڵدەدەن، بڕگەیەک لە پڕۆژەیاسای پارەدارکردنی کورتھێنانی دارایی زیاد بکەن کە ھەرێمی کوردستان پابەند دەکات ٤٨٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لەگەڵ داھاتە نانەوتییەکان رادەستی حکوومەتی عێراق بکات، ئەوەیش لە بەرامبەر پێدانی شایستە داراییەکانی ھەرێم".
گوتیشی: "ئەو کارە ناواقعییە و قابیلی جێبەجێکردن نییە، جگە لەوەیش درز دەخاتە نێوان ھەردوولا".
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، شێروان میرزا راشیگەیاندووە، فراکسیۆنە کوردییەکان بە مەرجی ئەوە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای پارەدارکردنی کورتھێنانی دارایی (قەرزکردن) ئامادە بن کە پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاساکەدا، دەستەبەر بکرێت.