بەغدا
ئەمڕۆ بەشێوەیەكی لەناكاو بەپەلە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان رووی لە بەرزبوونەوە كرد كە نرخی هەر بەرمیلێكی نەوتی خاو گەیشتە 55 دۆلار، وەك ئابووریناسانیش رایدەگەیەنن، ئەم نرخەش نزیكە لەو نرخەی كە بوودجەی ئەم ساڵی عێراقی پێ ئامادەكراوە.
حكوومەتی عێراق بوودجەی ساڵی 2015ی بە فرۆشتنی نرخی هەر بەرمیلێكی نەوت بە 56 دۆلار ئامادە كردووە، بوودجەكەش بە 119 تریلیۆن دینار، كە دەگاتە " 105" ملیار دۆلار و بە كورتهێنانی 25 تریلیۆن دینار لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند كرا.
بەپێی ئەو زانیارییانە كە ئاژانسی ئانادۆڵو لە بۆرسەكانی نەوت دەستی كەوتووە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە هۆی مانگرتن و دوور كەوتنەوەی ژمارەیەك لە وەبەرهێنەران لە پاڵاوگاكانی نەوتی ئەمریكا و كەمبوونەوەی گەڕان بە دوای بیری نەوتی خاو لەو وڵاتەیە، بۆیە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزبۆوە.
لە سەرەتای ئەمساڵ، بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان، زیانی ئابووری و سیاسی زۆر بە عێراق كەوت، چی لە رووی ئامادەكردنی بوودجە و چی لەسەر ئاستی پەسەندكردنی، چونكە لەو كاتەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دابەزی، عێراق رووبەڕووی قەیرانی ئابووری و داریی بۆوە، بە تایبەتیش لە ئێستادا کە شەڕی داعش لەئارادایە.