بەغدا
بە پێ ئەو زانیارییانەی كە لە ناوچەكەدا دەست ئاژانسی ئانادۆڵو كەوتوون وەزیری بەرگری عێراق سەردانی ئەو هێزانەی سوپای كرد كە لە ناوچەی تاجی بۆ شەڕی دژی داعش بەجێكراون و لەگەڵ فەرماندارانی ئەو هێزانە كۆبووەوە و لە بارەی ئامادەكارییەكانی ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆن و باری ئەمنی ناوچەكە زانیاری وەرگرت.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا وەزیری بەرگری لێكۆڵینەوەی وردی لەسەر ئامادەكارییەكانی ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆن لە پارێزگای سەلاحەدین لە دژی تیرۆریستانی داعش كرد و لەگەڵ فەرماندەكاندا باسی لەو تەقەمەنییانەی كرد كە لە كاتی ئۆپەڕاسیۆنەكەدا بەكاری دەهێنن.
هێزی حەشدی شەعبی و چەكدارە شیعەكان دەستییان بە ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی رزگاركردنی پارێزگای سەلاحەدین كردووە كە ماوەیەكە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە كۆنترۆڵ كراوە.
وەزیری بەرگری عێراق لە بارەی ئەنجامدانی ئەو ئۆپەڕاسیۆنەوە ئاماژەی بە كات نەكرد و هێشتا كاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە دیار نییە.
قەزای تاجی دەكەوێتە باكووری بەغدا و سەر بە پارێزگای سەلاحەدینە و ناوچەیەكی سوننە نشینە و لە سەردەمی شەڕی ئەمریكا ژمارەیەكی زۆر فڕۆكەی ئەمەریكای تێدا خراونەتە خوارەوە و بە پێ ئاماری ساڵی 2003 نەتەوەیەكگرتووەكان ژمارەی دانیشتوانی ناوچەكە نزیكەی 300 هەزار كەسە. هەروەها قەزای تاجی گەورەترین دامەزراوەی دروستكردنی كەلوپەلی سەربازی لە خۆدەگرێت.