Dlshad Saifaalddin Ahmed
25 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2018
سلێمانی ـ AA
فێستیڤاڵەکە ئەمڕۆ لە پارکی ھەڵەبجە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حکومی و رێکخراوەکان و دانیشتووانی شارەکە دەستیپێکرد و ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت، تێیدا چەندین جۆر ھەنار و بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی تری ناوچەکە و کاری دەستی خانمان نمایشکراون.

ڤێستیڤاڵەکە لە لایەن (ئەنجوومەنی رێکخراوەکانی ھەڵەبجە) بە ھاوکاریی (بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ھەڵەبجە) بەڕێوەدەچێت، سەرپەرشتیارێکی فێستیڤاڵەکە، ئەرسەلان عابد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمساڵ چوارەمین فێستیڤاڵی ھەنارە بۆ بەرھەمە ناوخۆییەکانی ھەڵەبجە دەکرێتەوە، بە خۆشحاڵییەوە ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە فراوانترە و ژمارەیەکی زۆرتر جووتیار و باخەوان و پیشەوەران و خانمانی دەستڕەنگین تێیدا بەشدارن".

ئەو گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە فێستیڤاڵەکە دەرفەتێکی فەرھەنگی و کولتووری باش بێت و دەرفەتێک بێت بۆ ھێنانی زیاتری گەشتیاران بۆ ناوچەکە و رەخساندنی ھەل بۆ ئەو کەسانەی بەشدارییان کردووە لە فێستیڤاڵەکەدا تا بەرھەمەکانیان ساغ بکەنەوە و راستەوخۆ بیگەیەننە کڕیارەکانیان".
ئەرسەلان عابد ئەوەشی گوت "لە فێستیڤاڵی ئەمساڵدا نزیکەی ٣٠٠ جووتیار و باخەوان و پیشەوەر بە نمایشکردنی بەرھەمەکانیان بەشدارن کە بەشێک لە ژنانی بەشداربوو کاری دەستی خۆیان لە پاڵ ھەنارەکاندا نمایشکردووە".

ھەڵەبجە دیارترین ناوچەی ھەرێمی کوردستانە بۆ ھەنار، بەرھەمی ھەناری ئەو ناوچەیە لە ھەرێمی کوردستان تەنانەت لە عێراق و جیھانیشدا ناوبانگی خۆی ھەیە، بەجۆرێک لە ساڵی ٢٠١٣ و لە پێشانگایەکی تایبەت لە بەریتانیا ھەناری ھەڵەبجە لەنێو ھەناری نزیکەی ١٠٠ وڵاتی جیھاندا باشترین بووە.
ئازاد محەمەد جووتیارێکی نموونەیی سنوورەکەیە و ماوەی ٣٥ ساڵە سەرقاڵی کاری جووتیاری باخەوانییە، ئەو کە لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداریکردووە و لە رێگەی بەرھەم و داھێنانەکانیەوە لە بواری کشتوکاڵدا سەرنجی ژمارەیەکی زۆری ئامادەبووانی فێستیڤاڵی بەلای خۆیدا راکێشاوە، باس لە ھۆکاری باشی و ناوبانگی ھەناری ھەڵەبجە دەکات.

ئازاد محەمەد گوتی: "بە ھۆی خاکەکەیی و لە باری کەشوھەوای ھەڵەبجە کە گونجاوە بۆ ھەنار و ھەنارێکی ناوسوور و جوان دەبێت، ئەوەش وایکردووە ھەناری ئەم ناوچەیە ناوبانگی خۆی ھەبێت، ھەروەھا باخەوانەکانمان توانیویانە کەشێکی گونجاوتر بۆ ھەنار بڕەخسێنن".
ئازاد کە ساڵانە دەیان تۆن ھەناری ھەیە لە بارەی ساغبوونەوەی ھەناری ھەڵەبجە و بازاڕی ھەنارەوە گوتی: "ماوەی چەند ساڵە وەک باخەوانەکان داوای ئەوە لە حکوومەت دەکەین بازاڕ بۆ بەرھەمی ھەنار بکاتەوە لە بری ئەوەی بڕێکی زۆری ھەنار ببرێتە عەلوەکان و بە نرخێکی کەم ھەرزان فرۆش بکرێت".
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی ھەڵەبجە، نزیکەی ھەشت ھەزار و پێنج سەد دۆنم باخی ھەنار ھەیە و بەرھەمی ساڵانەی ئەو باخانەش مەزەندە دەکرێت بە نزیکەی سی ھەزار تۆن ھەنار کە بەشێکی باش لە پێداویستیەکانی ناوخۆی پارێزگاکە و بەشێکی ھەرێمی کوردستان دابین دەکات.
ساڵانە لە مانگی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمدا وەرزی پێگەیشتنی ھەنارە لە ھەرێمی کوردستان و جووتیاران دەست بە رنین و چنینەوەی بەرھەمی ئەو ساڵەیان دەکەن.
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کشتوکاڵی ھەڵەبجە، ستار مەحمود لە باری جۆری ئەمساڵی ھەناری ھەڵەبجەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمساڵ بە ھۆی گۆڕانکاری کەشوھەوا کە لە کۆتایی وەرزی بەھار بڕێکی زۆر باران و تەرزە باری، بووەتە ھۆی ئەوەی بەرھەمی ئەمساڵی ھەناری ناوچەکە بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمتر بێت".
لە ھەڵەبجەدا چەند جۆرێک ھەنار ھەیە، دیارترین جۆریش کە داخوازی زیاتری لەسەرە ھەناری ساڵەخانی-یە و زیاتر رەوانەی پارێزگاکانی تری ھەرێم و عێراق دەکرێت.