Salam hanadni
16 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2015
پرۆژەی رێگای جووت سایدی نێوان هەڵەبجە - سەیدسادق بە پرۆژەیەكی ستراتیجی ناوچەكە دادەنرێت كە لە هەڵەبجەوە دەست پێ دەكات تاكو گوندی سەرای سوبحان ئاغا لە قەزای سیدسادق، كە لە ساڵی 2011وە حكوومەتی هەرێم بڕیاری جێ بەجێ كردنی داوە، تاكو ئێستاش كارەكانی تەواو نەبووە.
ئەم پرۆژەیە لە ساڵی 2011وە بڕیاری جێبەجێ كردنی دەرچووە، لەلایەن كۆمپانیای (Ekinciler) توركییەوە كاری تێدا كراوە، درێژی رێگاكە 28 كیلۆمەترە لە هەڵەبجەوە بۆ گوندی سەرای سوبحان ئاغا،بڕی ئەو بوودجەیەش كە بۆی تەرخان كراوە، بریتیە لە 87 ملیار دینار و تاكو ئێستاش زیاتر لەسەدا 70 كارەكانی تەواو بووە.
ماوەی دوو مانگە كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكە كاری وەستاندووە وپڕۆژەكەی جێ هێشتووە، لەبەر ئەوەی كە لە لایەن حكوومەتەوە سولفەیان پێ نەدراوە بۆیە ناتوانن كار لە پرۆژەكەدا بكەن،تاكو سولفە وەرنەگرن یان سووتەمەنیان بۆ دابین نەكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگاری هەڵەبجە داوای لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردووە،بۆ ئەوەی سووتەمەنی دابین بكات بۆ ئەو كۆمپانیایە.
پارێزگاری هەڵەبجە عەبدوڵڵامحەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو رێگایە رێگایەكی ستراتیجییە،چونكە هاتوچۆ لەو رێگایەوە نزیكترە بۆ هەڵەبجە و پارێزگای سلێمانی و ناوچەكانی دیكە وەك سیدسادق و گەرمیان و، دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی قەرباڵغی و، كەمتربوونەوەی رووداوی هاتوچۆ لە نێوان رێگای هەڵەبجە سلێمانی.
گوتیشی: "كۆمپانیاكە لە ئێستادا كارەكانی وەستاندووە بەهۆی وەرنەگرتنی سولفەوە، بۆیە ئێمە نووسراومان بۆ كردوون بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ ئەوەی سووتەمەنیان بۆ دابین بكرێت، دوای تر كە سولفەیان پێ درا لە لایەن حكوومەتەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەسەر سولفەكەیان پارەی سووتەمەنیەكە وەربگرێتەوە.
پارێزگاری هەڵەبجە رونیشی كردووە "كە بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی سلێمانیش بە هەمان شێوە نووسراوی بۆ كردوون، بۆ وەرزات بۆ ئەوەی سووتەمەنی بۆ ئەو كۆمپانیایە دابین بكرێت، تاكو دەست بكەنەوە بە كارەكانیان و پڕۆژەكە تەواو بكەن".
ماوەی چوارساڵە كار لە پڕۆژەی جووت سایدی نێوان هەڵەبجە - سیدسادق دەكرێت، بەڵام تاكو ئێستا كارەكانی تەواو نەبووە، بەتەواو كردنیشی رێگای نێوان سلێمانی - هەڵەبجە نزیكیتر دەبێتەوە. لە دووساڵی رابردووا قەیرانی دارایی وای كردووە كە ژمارەیەكی زۆر پڕۆژە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە تەواونەكراوەیی بمێننەوە.