Salam hanadni
01 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2015
هەڵەبجە (دەكەوێتە 83 كیلۆمەتر باشووری رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی) بەهۆی بەپیتی خاكەكەیەوە ساڵانە رووبەرێكی زۆری زەوی كشتوكاڵییەكەی دەكرێت بە دانەوێڵە و بەروبوومێكی باشی هەیە، هەروەها بەهۆی دەشتی شارەزوورەوە كە لە بناری هەورامانەوە دەست پێ دەكات تاوەكو قەزای شارەزوور و دەربەندیخان درێژ دەبێتەوە كە بە هەزاران دۆنم ساڵانە دانەوێڵە و بەرهەمی جۆراوجۆری لێ بەرهەم دەهێنرێت.
یەكێك لە جووتیاران بەناوی مەولوود حەمەئەمین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەرزی جووتكردن لە شوێنێك بۆ شوێنێكی تر جیاوازە. بەهۆی كەشوهەوای شوێنە و رێژەی بارانبارین لەو شوێنەدا بۆیە دەتوانین بڵێن وەرزی جووتكردن لە پارێزگەی هەڵەبجە لە 5/11 هەموو ساڵێكەوە دەست پێ دەكات چونكە لەو كاتەدا ئیتر بەپێی ناوچەكە حەقە كە پەڵە بدەن ئەم ناوچەیە كە پەڵەیشی دا جووتكردن، دەست پێ دەكات".
حەمەئەمین گوتیشی: "مەگەر بارانبارین دوابكەوێت درەنگ باران ببارێت ئەگینا لە سەرەتای مانگی 11ەوە جووتكردن لەم سنوورە دەست پێ دەكات. لەگەڵ ئەوەی كە پەڵەی دا، بۆیە ئەمساڵ لە هەمان كات بەهۆی بارنبارینەوە پەڵەی دا و دەست كراوە بەجووتكردن. چاندنی دانەوێڵە تاكو 20/12 دەبێت تائەو كاتەش دانەوێڵە بكرێت سەوز دەبێت بەڵام لەوە بەدواوە ئیتر سەوز نابێت بەتایبەت گەنم و جۆ كە لەم سنووری ئێمەدا بە زۆری گەنم و جۆ دەكرێت لەلایەن جووتیارانەوە".
(پەڵە) لەگەڵ بارینی سەرتای بارانبارین لە هەموو پاییزێكدا زەوی ئاو دەخواتەوە و گیا دووبارە سەوز دەبێت. بەدەرهاتنی گیا لە زەوی پێی دەگوترێت پەڵە كە واتە ئەو زەویە ئاوی پێویستی خواردووەتەوە ئێستا دەتوانرێت بەروبوومیش بەرهەم بهێنێت لە وشكبوون تێپەڕیوە.
لە پارێزگەی هەڵەبجە نزیكەی 1800جووتیار هەن كە دانەوێڵە بەرهەم دەهێنن، جووتیارانی ناوچەكە زیاتر گەنم و جۆ بەرهەم دەهێنن بەهۆی كەشوهەوای ناوچەكە كە بۆ گەنم و جۆ لەبار ترە.
یەكێكی تر لە جووتیارانی سنوورەكە ئاسۆ عوسمان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "كە زەوییەكان دەكێڵین دەرمانی كرمی دەوەشێنین بەسەر زەوییەكاندا، ئەو دەرمانەش بۆ ئەوە دەبێت كە ئەو تۆوی گەنمەی كە وەشاندوومانە كرم لە زەوییەكەدا هەیە بۆ ئەوەی ئەو گەنمە نەخوات بە وەشاندنی دەرمانەكە كرمەكە لەناو دەچێت".
عوسمان گوتیشی: "ئەو دەرمانە پێی دەگوترێ دەرمانی لەناو بردنی كرم، ئێمە كە دەیوەشێنن هیچ زیانێكی نییە بۆ گەنمەكە یان زەوی كە بڵێ بێ هێزی دەكات تەنها بۆ ئەو كرم و حەشەراتانە دەبێت كە لە زەویەكەدا هەن و لە ناویان دەبات و ئیتر ئەو گەنمە بەئاسانی سەوز دەبێت".
ئەو زیاتر گوتی: "حكوومەت هاوكارمان نییە و جووتیارانی بەتەواوی پشتگوێ خستووە، نە دەرمانمان دەداتێ نە هاوڕێ دەبێت لە پێدانی رێنمانی ساڵانە بە جوتیاران، ئەوەتا ئەمساڵ دەستمان كردەوە بە جووتكردن بەڵام پارەی پارساڵی گەنمان وەرنەگرتەوە".
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی هەڵەبجە لە كۆی 1800جووتیاری سنووری پارێزگەكە نزیكەی 600 جووتیار ماوە كە پارەی پارساڵی گەنمەكەیان وەربگرن كە داویانە بە حكوومەت هەروەها ئەمساڵیش تەنها 288 جووتیار پارەیان وەرگرتەوە 1500جووتیار ماون کە هێشتا پارەیان وەرنەگرتووە و نزیكەی 22 ملیار دینارە.