Dilşad Seyfeddin Ahmed
16 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2015
دوای كۆبوونەوەكە كە لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەڕێوەچوو، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سیروان محەمەد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئێوارەی ئەمڕۆ وەفدێكی باڵای بازرگانی ئەمریكی سەردانیان كردین و لەگەڵ كۆمپانیاكانی شاری سلێمانی كۆبوونەوە، هاتنی ئەو وەفدە بازرگانییە لەم كاتەدا هەنگاوێكی زۆر باشە و پشتگیرییە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بازرگانان و كەرتی تایبەت كە هیوادارین هەردوولا بتوانین كارێكی هاوبەش پێكەوە بكەین بۆ بوژانەوەی ئابووری هەرێم".
لەلای خۆیەوە نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئەمریكا بەیان سامی گوتی: "شاندە بازرگانییەكەی ئەمریكا لە 30 بازرگانی كۆمپانیاكانی گەورەی ئەمریكا لە بواری نەوت و تەندروستی و كەرتەكانی تر پێكهاتووە، بەشێكیان ماوەیەكی زۆرە لە هەرێم وەبەرهێنان دەكەن و بۆ پشتگیری خەڵكی كوردستان هاتوون، بەشێكی تریشیان هاتوون بۆ بینینی دۆخەكە و ئەنجامدانی كاری وەبەرهێنان لە هەرێم".
بەیان سامی ئاماژەی بەوەش كرد كە 130 كۆمپانیای ئەمریكی لە كوردستان تۆمار كراون و ئامانجمانە ژمارەی ئەو كۆمپانیا ئەمریكییانە زیاتر بكەین بۆ ئەنجامدانی كاری وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان.
ئەوەشی گوت: "هاتنی ئەو شاندە هەنگاوێكی گرنگە لە ئێستادا كە ئابووری هەرێم وەك جاران بەهێز نییە و نرخی نەوت دابەزیووە، بە گشتی باسمان لەوەش كردووە كە كۆمپانیاكانی بیانی بێنە هەرێم و كاری وەبەرهێنان بكەن".
لەلای خۆیەوە گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان یاسین مەحموود گوتی: "وەك هەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردوودا بە بڕی 40 ملیار دۆلار وەبەرهێنانمان كردووە، 27 لە سەدی ئەو وەبەرهێنانەش لەگەڵ كۆمپانیاكانی بیانی كردوومانە".
ئەو هەروەها گوتی: "هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2016 دا بەرەو سیستمی PPP و BOT ، هەروەها بەرەو سیستمی ئەوە دەڕوات كە دابەشكردنی كارەبا و لەگەڵ كۆكردنەوەی پارە و چەند دەزگایەكی دیكەدا دەچێتەوە دەست كەرتی تایبەت بەپێی چەند رێنماییەك، هاتنی ئەو كۆمپانیایانەش بەشێكە لەو هەنگاوە".
یاسین ئەوەشی گوتی: "لە كەرتی تایبەت تائێستا مایەپووچ بوونمان و زیانەكانمان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی بە تەواوەتی كەرتی تایبەتمان لەدەست دەربچێت، ئێمە خۆمان ئامادە دەكەین بۆ ئەو سیاسەتەی حكوومەت پیادەی دەكات و بە كۆمپانیا ئەمریكییەكانیشمان راگەیاندووە كە پێویستمان بەوان هەیە لە سیستمی بانكی و گەشتوگوزاری و چەند كەرتێكی دیكەدا".
گوتەبێژەكەی یەكێتی وەبەرهێنەران ئاماژەی بەوەش كرد كە حكوومەت لە ساڵی نوێدا دە چاكسازی گەورە دەكات و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمیش رایانگەیاندووە ئەو چاكسازیانە لەساڵی نوێدا دەبێت، بەشێك لەو چاكسازییانەش گواستنەوەی چەند وەزارەتێكە بۆ كەرتی تایبەت.