گەرمیان
جوتیارانی گەرمیان دەلێن، بەھۆی زۆری ڕێژەی بارانبارین لەماوەی ڕابردوودا، سەرجەم بەربوومە کشتوکاڵییەکان و بەربوومی دانەوێڵە و گەنم و جۆ بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
محمود محمد ئەمین جوتیارێکی شارەدێی (پیباز)ی سنووری ئیدارەی گەرمیانە و ئەوەی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو خستەروو كه ئەمساڵ زۆر زیاتر لەوەی کە لەماوەی دە ساڵی ڕابردودا پێشبینییان دەکرد، زۆربەی بەربوومە کشتوکاڵییەکان و بەروبوومی دانەوێڵە بەڕێژەیەکی زۆر بەرچاو زیادیانکردووە و بەھۆی گەرمی سنووری گەرمیانیشەوە لە ئیستادا وەرزی دروێنە دەستی پێکردووە.
ههروهها گوتی: "ھۆکاری زیادکردنەی بهروبوومی كشتوكاڵی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەمساڵ رێژەیەکی باشی باران لە سنورەکەیان باریوە و لەھەمان کاتدا بەرێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان بە پێدانی بنەتۆ و ماده کیمیاییهكانی تایبهت به كشوكاڵ ھاوکاری جوتیارانی کردووە."
ئەو جوتیارەی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد، گرفتی سەرەکی جوتیاران نەبونی سایلۆی تایبەت بە بەروبوومی دانەوێڵەیە لە گەرمیان و ساڵانە دوای کۆکردنەوەی بەروبوومەکانیان نازانن بۆ کوێ بیگوێزنەوە و داوای كرد ھەرچی زووە لایەنی پەیوەندیدار ئەو گرفتەیان بۆ چارەسەر بکا.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان رەحیم حەمید خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کەوا ئەمساڵ بەروبوومی جوتیاران زیادی کردووە.
ئەوەشی بۆ ئەنادۆڵو خستەروو كه بەبەراورد لهگهڵ ساڵانی رابردوو ئەمساڵ بەرھەمی گەنم و جۆ زۆر زیادی کردووە و بەساڵی ھاتی گەنم و جۆ له گهرمیان دادهنرێ.
له بهردهوامی قسهكانیدا بهڕێوهبهری گشتی كشتوكاڵی گهرمیان گوتی: "وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی گەرمیان ھاوکاری تەواوی جوتیاران دەکەین لەرێگەی پیدانی گەنمی بنەتۆ و خانوی پلاستیکی و ئامیری مەکینەی جیاجیا و تایبەت و موادی دیکەی جۆراوجۆر و ئەوەی له تواناماندا بێ بۆ جوتیارانی دهڤهرهكهمان دهیكهین."
سەبارەت بە نەبونی سایلۆ لە سنوری ئیدارەی گەرمیان کە بوەتە گرفتی سەرەکی جوتیاران رەحیم حەمید ئاماژهی بهوه كرد كه ئەو داوایەی جوتیاران داوایەکی ڕەوایە، بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بەھەموو شێوەیەک لەگەڵیاندایە و بەداوایەکی ڕەواشی دەزانێت، بەڵام دروستکردنی سایلۆ بەھیچ شێوەیەک لەدەسەڵاتی ئەواندا نییە .
ئاشكراشكیرد كه دروست کردنی سایلۆ پێویستی بە ڕەزامەندی وەزارەتی بازرگانی عێراق ھەیە و دەبێ ئیدارەی گەرمیان و حکومەتی ھەرێم کاری لەسەر بکەن، چونکە ڕێژەی بەرھەمھێنانی دانەوێڵەی جوتیارانی سنورەکە تا دێ ڕوو لەزیادبوون دەکا.
بەرێوەبەری گشتی کشتوکالی گەرمیان ئەوەشی روونکردەوە كه لەسنوری ئیدارەی گەرمیان نزیکەی ٣٠٠ گوندی ئاوەدان ھەن و سنوری جوگرافیاکەشیان واخولقاوە كه زۆربهی زهویهكانی كشتوكاڵین و ھەر ئەمەش وایکردووە ناوچەیەکی بە پیت و بە بەرھەم بێ.
لە سنوری ئیدارەی گەرمیان سالی رابردوو بنکەیەکی تایبەت بە وەرگرتنی بەروبووم و دانەوێڵەی جوتیاران لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران کرایەوە و زیاتر لە ٤٧ ھەزار تۆن گەنمی وەرگرت، بەڵام ئەمسال تا ئیستا کردنەوەی ئەو بنکەیە ھیچ دەنگۆیەکی نییە و ئهمهش بۆته جێگای نیگهرانی جوتیارانی دهڤهرهكه.