Piştiwan Celal
22 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2015
خاكی گەرمیان بە خاكێكی بەپیت دادەنرێت بۆ كشتوكاڵ، جۆری سەوزەواتیش بە تەواوی لەم خاكەدا تاقی كراوەتەوە و سەركەوتوو بووە، هەربۆیە ئێستا پێداویستییەكانی توور و سەوزەواتی دیكەی هەرێمی كوردستان لە گەرمیانەوە دابین دەكرێت.
تووری گەرمیانیش لە گوندەكانی (گردەگۆزینە و شێخ لەنگەری خوار و سەروو) بەرهەم دەهێنرێت، لە رێگەی عەلوەی كەلار بۆ شارەكانی دیكەی هەرێم و هەردوو پارێزگای دیالە و سەڵاحەدینیش لێی دەنێردرێت.
جووتیارێكی گوندی شێخ لەنگەری خواروو عومەر عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تووری ئەم ناوچەی ئێمە جۆرێكی باش و بەناوبانگە لەسەردەمی رژێمی بەعسەوە تا ئێستاش بۆ عێراق و بۆ شارەكانی دیكەش لێی دەبرێت".
عومەر عەلی بە دەم هەڵكەندنی توورەوە بەردەوام بوو لەسەر قسەكانی و گوتی: "ئێمە ئەم توورە زیاتر دەبەینە عەلوەی كەلار و لەوێوە دەفرۆشرێت، هەندێ جووتیاریش خۆی دەیبات بۆ شارەكانی دیكەی هەرێم، جووتیاری وا هەیە لە ساڵێكدا نزیكەی 15 بار توور دەبات".
توور و سەوزەواتی گەرمیان بە ئاوی رووباری سیروان كە زیاد لە (100 كیلۆمەتر) بە ناوچەکانی كەلاردا دەڕووات ئاو دەدرێت و، بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی شاری كەلار (ناوەندی گەرمیان) چاودێری دەكات.
لەبارەی توور و سەوزەواتی كەلارەوە جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەلار غازی ستار بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ناوچەی گردەگۆزینە زیاتر سەوزەوات دەكرێت و سەرچاوەی ئەو بەرووبوومەیە، پانتایی ئەو زەوییەی كە سەوزەواتی تێدا دەكرێت ٥٠٠ دۆنمە، هەروەها لە پانتایی ١٢٥دۆنم زەویشدا توور بەهەمدێنرێت، ساڵانی پێشوو ئەم رێژەیە زیاتر بوو".
ئەو جوتیارانەی سەرقاڵی بەهەمهێنانی توور و سەوزەواتن زیاتر لەسەر شانی خۆیان ئەو كارە دەكەن و دواتر لە بازاڕدا بەرهەمەكانیان ساغ دەكەنەوە، پێشتریش لە سووریا و ئێرانەوە توور هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرا بەڵام لە وەرزی پاییز و زستاندا پشت بە بەرهەمی نێوخۆی دەبەسرێت.
ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان، ئاماژە بەوە دەكات كە دەكرێت كشتوكاڵ پەرەی پێ بدرێت و بەرهەمەكانی كشتوكاڵی بۆ دەرەوەش هەناردە بكرێت.
لەو بارەیەوە جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان غەریب پێنجوێنی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت: "خاكی گەرمیان خاكێكی بەپیتە و ساڵانێكە سەوزە و تووری ئەو ناوچەیە بەرهەمی باشی هەبووە، بڕێکی زۆری توور و سەوزەشی لێ بەرهەم دەهێنرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی رووباری سیروان لەو ناوچەیە".
پێنجوێنی لە بارەی گرنگیدان بەو بەرهەمانە ئاماژەی بەئەركی حكوومەت و جووتیار كرد و گوتی: "پێویستە هۆشیاری بەرهەمهێنان لای جووتیاران درووست بكەین و حكوومەتیش گرنگی بەم جۆرە بەرهەمانە بدات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا رێژەكەی زیاتر بكرێت و تەنانەت دەتوانرێت هەناردەش بكرێت و ببێتە سەرچاوەی دارایی بۆ هەرێم، هەموومان ئەوەیش دەزانین كە سەوزەوات و توور بۆتە خواردنێكی سەرەكی و رۆژانەی هاووڵاتییان و چێشتخانەكان".
توور لە خێزانی سەوزەواتە و بەرهەمێكی پایزە و زستانەیە، سەوزەیەكی بەناوبانگە و لەسەر سفرەی نانخواردن دادەنرێت. لە رووی پزیشكیشەوە بە خواردنێكی بەسوود دادەنرێت، چەند جۆرێكیشی هەیە كە تووری خڕ و تووری درێژە، رەنگی سوور و رەش و سپیشی هەیە.