hemn husein
09 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2015
سەرەڕای بوونی قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان بەڵام هەتا ئێستا تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێمەوە بەردەوامە و بەپێی ئامارێکی وەزارەتی پلاندانان ژمارەی کۆمپانیاکانی تۆمارکراوی هەرێم 2250 کۆمپانییە.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی لێژنەی پۆڵینکردنی کۆمپانیا و بەڵێندەران لە هەرێمی کوردستان ئەیوب گەڵاڵی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "ئێمە لە وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسایەک کار دەکەین کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرچووە، یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2007 ی پۆڵینکردنی کۆمپانیا و بەڵێندەران لە هەرێمی کوردستان، ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان کار بکەن و پێویستە پۆڵین بکرێن بۆ ئەوەی لێهاتووی خۆیان دەربخەن بۆ ئەوەی پرۆژەکان ئەنجام بدەن".
ناوبراو هەروەها لە درێژەدا گوتی: "ئێمە دوو جۆر کۆمپانیا پۆڵین دەکەین، کۆمپانیاکانی بیناسازی و کارەبا و میکانیکی. ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی کە هەتا ئێستا لەلای ئێمە تۆمار کراون ژمارەیان بریتییە لە 2250 کۆمپانیا و بەڵێندەرن. هەروەها سەبارەت بەو کۆمپانیایانەی ناویان خراوەتە لیستی رەشەوە، بریتییە لە 70 کۆمپانیا و ئەو لایەنانەی بۆمان دەنێرن کە کاری بەڵێندەرایەتی تێدا دەکەن. ئەم لیستە رەشە بۆ ماوەیەکە و ئەمەش ماوەی یاسایی خۆی هەیە کە نابێ لە ماوەکەی لە دوو ساڵ زیاتر بێت و بەڵام پلەیەک لە پۆڵینکردنەکەیان دادەبەزێت و لە ئەگەری چوونە ژوورەوەیان بۆ لیستی رەش بۆ جاری دووەم، ئەوە پۆڵینکردن لەدەست دەدەن و ناتوانن پڕۆژەکان وەرگرنەوە. لە کۆی ئەو 70 کۆمپانیایانە کە خراونەتە لیستی رەشەوە، هەتا ئێستا 16 کۆمپانیا لەم لیستە هاتوونەتە دەرەوە".
سەبارەت بە چۆنییەتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ئەیوب گەڵاڵی گوتی: "هەر کۆمپانیایەک یان بەڵێندەرێک، ئەگەر هەموو بەڵگەنامەکانی تەواو بوو لە چوارچێوەی رێنماییەکان، ئەوە دەتوانێ داوای خۆتۆمارکردن بکات و بەپێی مەرجەکانی پۆڵینکردن، پلەی پۆڵینکردنی پێ دەدرێت".