Salim hemexan
21 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2016
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بۆكاروباری هونەریی كاوە شێخ عەلی لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ رایگەیاند: "ئەمڕۆ كارگەیەكی درومان و چنینمان لەم شارە كردەوە كە كارگەیەكی كەرتی تایبەتە و لەلایەن خێزانێكی ئێرانیەوە، بۆ بەرهەمهێنانی ستایڵی جل و بەرگی توركی كراوەتەوە، ئێمەش بەڵێنی هاوكارییمان پێداون و چاوەڕێ دەكەین بتوانێت هەلی كار بۆ ژمارەیەكی بەرچاو لەهاووڵاتیانی هەڵەبجە بڕەخسێنێت".
كاوە گوتیشی: "ئێمە پێشوازی لەكردنەوەی هەرجۆرە كارگەیەك دەكەین بۆرەخساندنی هەلی كار و بەگەڕخستنی تواناكانی شارەكەمان، لەو چوارچێوەیەشدا بۆكردنەوەی ئەم كارگەیە هاوكاربووین".
خاوەن و سەرپەرشتیاری كارگەكە حەسن حاجی حوسین زادە لەلێدوانێكدا بۆ ئانادۆڵۆ رایگەیاند: "ئامانجی گەورەمان لەكردنەوەی ئەم كارگەیە ئەوەیە كە بتوانین هاوكاریی خانمانی هەڵەبجە بكەین بە فێركردنیان و بەكارهێنانی ئەم ئامێرانەی درومان تابتوانن سوودی لێوەربگرن، پاشانیش بەئامێر و دەزووی ئێمە جلوبەرگ بدورن و دواتر ئێمە لێیان وەربگرینەوە و لێرەوە ئەو جلوبەرگە هەناردەی شارەكانی تری كوردستان و تەنانەت دەرەوەش بكەین".
سەرمایەی ئەم كارگەیە بەنزیكەی 60 هەزار دۆلار دەخەمڵێنرێت و بەگوتەی سەرپەرشتیارانی كارگەكە چاوەڕێ دەكرێت بتوانێت مانگانە ژمارەیەكی بەرچاو لەجلوبەرگ بەرهەم بهێنێت.
ئەم كارگەیەش چوارەمین كارگەی جلوبەرگە كە بەو ستایڵە كاردەكەن و سێیانیان لەوڵاتی ئێرانن كە لەشارەكانی تاران و مەریوان و سەوڵاوان لەگەڵ كارگەكەی هەڵەبجە كە سەرمایەی كۆی كارگەكان بە یەك ملیۆن و 500 هەزار دۆلار دەخەمڵێنرێت و لەساڵی 1975ەوە دامەزراوە، بەرهەمی مانگانەشیان زیاتر لە 100 هەزار پارچە جلوبەرگی جۆراوجۆرە.
حوسەین زادە گوتیشی: "ئێمە بەكردنەوەی ئەم كارگەیە دەتوانین هەلی كاركردن بۆنزیكەی 100 خانمی ئەم شارە بڕەخسێنین تابتوانین هاوكاریان بین لەدابینكردنی پێداویستی و بژێوی ژیانیاندا".
لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری گەشەپێدان و كاروباری كۆمەڵایەتی شارەزوور سالار فەتاح بۆئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "گرنگی كردنەوەی ئەم كارگەیە بەندە بەدروستكردنی بازاڕ بۆی، هیوادارین بتوانرێت كڕیار بۆبەرهەمەكانی پەیدا بكرێت بۆئەوەی سەركەوتوو بێت، لەلایەكی تریشەوە پرۆژەكە بۆخانمانە لەبەر ئەوە لەرووی دەروونی و كۆمەڵایەتییەوە كاریگەری باشی دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی خانمان، بەو پێیەی بەرهەمێك دەبەخشێتە خانمان تا ئەوانیش بەبەرهەمی دەستی خۆیان زیاتر هەست بەبوونی خۆیان بكەن".
سالار گوتیشی: "ئەگەر ئەم كارگەیە بتوانێت هەلی كار بۆسەد كەس بڕەخسێنێت لەدەرەنجامدا كاریگەری لەسەر 500 كەس دەبێت، چونكە تۆ بەرهەمت هەبێت، خێزان و دەروبەرەكەشت سوودی لێوەردەگرن، بەمەرجی رەخساندنی بازاڕ بۆی".