Heman Hussein Yaseen
26 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2023
هەولێر - AA
هەرچەندە زیاتر لە ساڵێکە بانکی فیدڕالی ئەمریکا سیستەمێکی نوێی بەسەر عێراقدا سەپاندووە کە نابێت لە دەرەوەی ئەم سیستەمە مامەڵە بە دۆلارەوە بکات و ئەمەش بەھای دیناری بەرامبەر بە دۆلار دابەزاندووە و رۆژانە نرخی دراوەکان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، بەڵام ڕێکارەکانی ئەم دواییەی بانکی ناوەندی عێراق، جارێکی دیکە بەهای دیناری بەرامبەر بە دۆلار بەرزکردووەتەوە.
بانکی ناوەندی عێراق لەمیانی دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک بە مەبەستی ڕێگریکردن لە سپیکردنەوە و بە قاچاغبردنە دەرەوەی پارە، ڕێکاری نوێ دەگرێتە بەر، بەڵام هیچکام لە ڕێکارەکان نەیانتوانی بەهای دینار بگەڕێننەوە بۆ پێش ئەم دۆخەی ئێستا، هەر بۆیەش لە نوێترین ڕێکاردا بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاندبوو کە عێراق و تورکیا ڕێککەتوون بۆ ئەوەی مامەڵە بازرگانییەکانییان لە ساڵی داھاتووەوە بە دراوی جۆری یۆرۆ، لیرەی تورکی و دیناری عێراقی ئەنجام بدەن بەجۆرێک ھاوردەکردن بۆ عێراق بە جۆری لیرە یان یۆرۆ بێت و لە ناوخۆی عێراقیش بە دینار مامەڵەکان ئەنجام بدرێت و، ئەمەش بەهای دیناری بەرزکردووەتەوە.
ماوەی چەند ڕۆژێکە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەتەوە بەشێوەیەک دوو هەفتە لەمەوبەر بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە ١٥٨ هەزار دیناری عێراقی بوو بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەری ساڵ و هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی، لە ئێستادا بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە ١٤٨ هەزار و ٥٠٠ دینار لە بازاڕەکانی هەرێمدا مامەڵەی پێوەدەکرێت و ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێ و سستی لەلای بازرگانان دروستکردووە.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر، کەیفی خۆشناو لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "حکوومەتی عێراق چەند ڕێکارێکی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی مامەڵەی هاوردە بە دراوی یۆرۆ یان لیرە ئەنجام بدات و فشار لەسەر دۆلار کەم بێتەوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بازاڕ دروستکردووە لە چەند ڕوویێکەوە، چونکە پێشتر بازرگانێک ئەگەر دیناریان ببردایە بانک ئەوە بە دوو مانگ پارەکە نەدەچووە سەر هەژمارەکەی و ئێستا بە ماوەی دوو ڕۆژ دەچێتە سەر هەژمارەکە، ئەمەش وایکردووە کەلوپەلەکان زووتر بگاتە جێگا و قەیرانی دەستکەوتنی کەلوپەل و پێداویستی دروست نەبێت و نرخەکانیش بەرز نابنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لەو ڕێکارانەی بانکی ناوەندی بریتییە لە بەکارهێنانی دراوی جۆری لیرە و یۆرۆ لە بری دۆلار لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ عێراقدا دەکەن و کەلوپەلی لێیەوە هاوردە دەکەن".
کەیفی خۆشناو گوتیشی: "حکوومەتی عێراق بە هەموو شێوەیەک پشتیگیری دیناری عێراقی دەکات، بەڵام لە ماوەکانی ڕابردوودا چەند کەسێکی دیاریکراو هەبووە کە یارییان بە بەهای دینار کردووە و ئەمەش یەکێک بووە لە هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارانەی بانکی ناوەندی بە دڵنیاییەوە بەهای دینار بەرزدەبێتەوە".
بەرزی و نزمی بەهای دینار بە رامبەر بە دۆلار، ترس و دڵەڕاوکێی لەلای خەڵک و بازرگانانیش دروستکردووە و، ئەمەش بازاڕگەرمیی نێو بازاڕی دۆلارفرۆشانی کەمتر کردووەتەوە و لەمبارەیەوە گوتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر کەیفی خۆشناو گوتی: "لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا زیاتر خستنەڕووی دۆلار هەبووە، ئەم پڕۆسەیە خەڵکی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە و چاوەڕێ دەکرێت بزانین جێبەجێکردنی ڕێکارەکان بە کوێ دەگات بۆ ئەوەی چارەنووسی بەهای دینار یەکلایی ببێتەوە".
جێی ئاماژەیە بانکی ناوەندیی عێراق لە ٢٠ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ بڕیاری دا بەھای ھەر ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لە ١١٨ ھەزار دیناری عێراقییەوە بەرزبکاتەوە بۆ ١٤٦ ھەزار دینار ئەو بڕیارەش ھەرچەندە بووە ھۆی زیادبوونی داھاتی ناوخۆ، بەڵام لە ھەمانکاتدا نرخی زۆربەی خۆراک و کەلوپەلی لە بازاڕەکاندا بەرزکردەوە و تا ئێستاش بۆڕسەکانی ئاڵۆگۆڕی دراو سەقامگیری ئابوورییان بەخۆیەوە نەبینیووە و ڕۆژانە بەهای دینار گۆڕانکاری بەسەردا دێت.