مووسڵ ــ AA
ژمارەیەک کۆمپانیای تورکیا بەشدارن لە دووبارە بنیاتنانەوەی شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا، ئەوەش دوای ئەوەی کە لە ساڵانی نێوان ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ بە ھۆی شەڕی دژبە داعشەوە، زیانێکی زۆر بەر ژێرخانی شارەکە کەوت.
شاری مووسڵ کە بە دووەم گەورەترین شارەکانی عێراق دادەندرێت لە ساڵی ٢٠١٤دا کەوتە دەست تیرۆریستیانی داعش و بەھۆیەوە سەدان ھاووڵاتیی کوژران و بە ھەزارانی دیکەیش ئاوارە و دەربەدەربوون.
ھەروەھا تیرۆریستانی داعش لە میانی داگیرکردنی شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا، چەندین مزگەوت، مەزارگە و کڵێسایان خاپوور کرد.
لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ پڕۆسەی رزگارکردنی مووسڵ لەلایەن سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگە بە پاڵپشتی ھێزی ھاوپەیمانان دەستی پێ کرد و پڕۆسەکە بە چەند قۆناعێک جێبەجێ کرا، دواتر لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٧دا لەلایەن سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، حەیدەر عەبادی-یەوە رزگارکردنی تەواوی پارێزگای نەینەوا ڕاگەیاندرا.
ھاوکات ژمارەیەک کۆمپانیای تورکیا بەشدارن لە دووبارە بنیاتنانەوەی پارێزگای نەینەوا و تا ئێستا چەندین پڕۆژیان بۆ دروستکردنی پرد، ئاوەڕۆ، قیڕتاوکردن و بۆیەکردنی شۆستەی شەقامەکانی شاری مووسڵ، جێبەجێ کردووە.
ھەروەھا کۆمپانیاکانی تورکیا لە کارەکانی پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" کە بە شاری مووسڵدا تێپەڕدەبێت، بەشدارن.
پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان"، ڕێگاکانی وشکانی و ئاسنین لە خۆدەگرێت کە بەندەری فاو لە کەنداوی بەسرە باشووری عێراق بە درێژایی ھەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر بە تورکیا و دواتر ئەورووپا دەبەستێتەوە.
لە ٢٢ی نیسانی ڕابردوودا، بەسەرپەرشتی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە بەغدا، یاداشتنامەیەکی چوار قۆڵیی لەنێوان عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" واژوو کرا.
دوو کۆمپانیای تورکی بە ناوەکانی "TAV İnşaat و ٧٧ İnşaat " دەستیان کردووە بە دووبارە نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ، ھەروەھا لقی گرووپی "YDI"ی تورکی لە عێراق، نەخۆشخانەی ئیبن سینا لە مووسڵ بنیات دەنێت.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری پڕۆژە لە کۆمپانیای "٧٧ İnşaat"، سینان تورکان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی کە ئەوان لە ئەیلوولی ٢٠٢٢دا، پڕۆژەی دووبارە نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ-یان وەرگرتووە وگوتی: "بەڕێژەی ٨٥ بۆ ٩٠ لەسەدای پڕۆژەکەیان تەواو کردووە".
ڕوونیشیکردەوە کە دەستیان کردووە بە قیرتاوکردنی ڕێگاکانی دەوروبەری فڕۆکەخانە کە بەشێکی زۆری تەواو بووە و ھەروەھا بەدواداچوون بۆ ژێرخانی کارەبا و ھێڵی فڕین لە فڕۆکەخانەکەدا، دەکەن و گوتی: "ئومێد دەکەین لە نزیکترین کاتدا فرۆکەخانەکە ڕادەستی خەڵکی مووسڵی بکەین".
ھاوکات بەڕێوەبەری لقی گرووپی "YDI"ی تورکی لە عێراق، مستەفا دەنیزلی ڕایگەیاند کە ئەوان دوای واژووکردنی گرێبەستێک لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤دا، پڕۆژەی بنیاتنانی بنیاتنانی نەخۆشخانەی ئیبن سینا-یان لە مووسڵ وەرگرتووە و ئاماژەی بەوەشدا کە لەئێستادا، دیزاینی پڕۆژەکە تەواو بووە.
مستەفا دەنیزلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوەش کرد کە بەم زووانە دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکەن و ڕایگەیاند: "ماوەی سێ ساڵ بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە دانراوە، بەڵام ئێمە ھەوڵدەدەین لە ماوەی ساڵدا پڕۆژەکە تەواو بکەین".
گوتیشی: "خەڵکی مووسڵ زۆر پێویستیان بەم نەخۆشخانە ھەیە کە لەسەر ڕووبەری ١٢٠ ھەزار مەتر چوارگۆشە بنیات دەنرێت و ٦٠٠ قەرەوێڵە لەخۆ دەگرێت".
ھەروەھا ڕاشیگەیاند: "کە لە ڕووی دیزانەوە، دەبێت بە باشترین نەخۆشخانە لە عێراق".