Abdullah Shukur,Sarmand Hameed
12 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 13 حوزەیران 2016
واشنتۆن
لە ئەنجامی ھێرشێکی چەکداری بۆ سەر یانەیەکی شەوانەی شاری ئۆرلاندۆی سەر بە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا، بەلایەنی یەکەم ٥٠ کەس کوژرا و ٥٣ کەسیش برینداربوون.
بەرپرسان پێشبینی کاری تیرۆریستی لەناوخۆی وڵات دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی شارەوانی ئۆرلاندۆ بەدی دێیر لە کۆبوونەویەکی رۆژنامەوانی لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشی شارەکە، رایگەیاند کە لە ئەنجانی ئەو ھێرشەی كە بۆ كرابوە سەر ئەو یانە شەوانەیە کە بەزۆری ھاورەگەزبازەکان بۆی دەچن، ٥٠ کەس کوژراوە.
راشیگەیاند کە پێشتر بەرپرسانی ئاسایش رایانگەیاندبوو کە ژمارەی کوژراوان ٢٠ کەسە بەڵام لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ورد دەرکەوتووە کە ٥٠ کەس کوژراوە و ٥٣ کەسیش برینداربوونە.
دیێر ئاشکراسی کرد کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی ھێزەکانی ئەمنی ھێرشبەرەکە لە شوێنی رووداوەکە کوژراوە.
دیێر ئاماژەی بەوە دا کە ھێرشبەرەکە خەڵکی شاری فۆرد پیرسە و ناوی عومەر مەتینە و تەمەنی ٢٩ ساڵە.
بەرپرسان پێشبینی ئەوە دەکەن کە ئەو کەسە بە رەگەز ئەفغانیە و ھاووڵاتی ئەمریکایە.
بەرێوەبەری پۆلیسی ئۆرلاندۆ جۆن مینا رایگەیاند کە ئەو ھێرشە رێکخراو و پلان بۆ دارێژراو بووە، ئاشکراشی کرد کە ئێف بی ئای لێکۆڵینەوەی لەوبارەیەوە دەست پێکردووە.
ئەفسەری پۆلیس جێری دێمینگس رایگەیاند کە ئەوان ئەو رووداوە بە "ئەنجامدانی تیرۆر لە ناوخۆی وڵات" ناودەبەن.