Abdullah Shukur
01 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2017
بارسێلۆنا - AA
حکوومەتی ئیسپانیا رایگەیاند کە ئەنجامدانی گشتپرسی ھەرێمی کەتەلۆنیا کە دژی دیموکراتی و دەستوورە و لە لایەن دادگای دەستووریی ھەڵوەشاوەتەوە، ھیچ مانایەکی نییە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، سۆرایا ساینز دی سانتاماریا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەبارەی ھەوڵی گشتپرسی ھەرێمی کەتەلۆنیا رێکخست و گوتی: "ئەنجامدانی ھەوڵێک کە دژی دیموکراتی و دەستوورە و لە لایەن دادگای دەستووریی ھەڵوەشاوەتەوە، ھیچ مانایەکی نییە".
سانتاماریا راشیگەیاند کە ئەوان داوا لە سەرۆکی ھەرێمی کەتەلۆنیا، کارلێس پیودمۆنت دەکەن کە ئەو گشتپرسییە رابگرێت.
گوتیشی: "ئەم گشتپرسییە ھەرگیز شتێکی راستی نەبووە کە ئەنجام بدرێت. بانگھێشتی کەتەلۆنییەکان بۆ دەنگدان سەرەڕای گشت ئاگەدارکردنەوەکانی ئێمە ' بێ بەرپرسیارێتییە' ".
سانتاماریا ئاماژەی بەوەشدا کە دەستوەردانی پۆلیسی نیشتمانی، هێزە ئەمنییەکان زۆر پیشەگەرانە و سنووردار بووە. گوتیشی: "ھێزەکانی ئەمنی ئەرکە دیموکرتییەکانیان بەجێگەیاندووە".
سەرەڕای گشت ناڕەزایەتی و رێگرییەکان، گشتپرسی سەربەخۆیی لە ھەرێمی کەتەلۆنیا ئەنجام درا و لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی پۆلیسیش، ٣٣٧ کەس برینداربوون کە ٩یان پۆلیس و ٢یان جەندرمە بوون.
حکوومەتی ئیدارەی سەربەخۆیی ھەرێمی کەتەلۆنیا رایگەیاند کە سندووقەکانی دەنگدان لە کاتژمێر ٩ی شەو (بەکاتی ھەولێر) دادەخرێت و چاوەڕوانیش دەکرێت ئەنجامەکەی لەو سەکۆیە گەورەیە رابگەیەنرێت کە لە گۆڕەپانی کەتەلۆنیای شاری بارسێلۆنا دانراوە.