Mazın Asad - Sarmand Hameed
12 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 13 ئاب 2016
حەلەب
لە ئەنجامی ھێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا و رژێمی ئەسەد بۆ سەر یەکەی نیشتەجێ و نەخۆشخانەیەکی حەلەب کە لەژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە، ١٠ کەس کوژران و ١٦ی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوەکانی بەرگری شارستانی سووریا دەستیکەوتووە، فڕۆکەکانی جەنگی رووسیا و رژێمی ئەسەد بۆردوومانی شارەدەێی حەییانیان لە باکووری حەلەب کرد و بەھۆیەوە ١٠ کەس کوژران کە لە نێوانیاندا ئافرەت و منداڵ ھەیە و نۆ کەسی دیکەش بریندار بوو.
بریندارەکان دەستبەجێ بۆ نەخۆشخانەکانی سەحرا لە شارەدێیەکە گواسترانەوە. ھەر بەھۆی ھێرشەکەوە ژمارەیەکی زۆر لە دوکان و خانوو رووخان.
-فڕۆکەکانی جەنگی رووسیا بۆردوومانی نەخۆشخانەیەکی لەدایکبوون و منداڵانی کرد
ئەندامێکی بەرگری شارستانی شارۆچکەی کەفر حەمرای سەر بە حەلەب بە ناوی عەبدولەتیف عەبدوڵا رایگەیاند کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەھۆی ھێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی لەدایکبوون و منداڵان لە شارەدێیەکە، حەوت کەس بریندار بوون.
عەبدوڵا گوتیشی: "بەھۆی ھێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیاوە، نەخۆشخانەکە رووخاوە. ھاوکات زیان بە ژمارەیەکی زۆری کەلوپەلەکانی تەندروستی نەخۆشخانەکە گەیشتووە".