Hejar Hekim
03 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2016
بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران سەربە پارێزگای هەولێر، مەغدید ئەحمەد بە ئانادۆلوی راگەیاند "لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە بەپێی ئەو پرۆتۆكۆلەی كە پێشتر لەگەڵ مەرزی تەمەرچین، سەبارەت بە پشووەكان واژۆكراوە و رۆژەكانی پشوو دیاریی كراوە تەنها یەك رۆژە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە رەنگە جەژنی رەمەزان لەگەڵ ئێران جیاواز بێت، بۆیە دوو رۆژ وەك پشوو دیاری كرا".
سەبارەت بە جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران گوتی: "لەو دوو رۆژەدا جموجۆڵی بازرگانی دەوەستێت، بەڵام هاتوچۆی گەشتیاران ئاسایی دەبێت".
مەغدید ئەحمەد ئاماژەی بە تۆپبارانی كۆماری ئیسلامی ئێران كرد و گوتی: "لە 26/6/2016 سنووری ناحیەی حاجی ئۆمەران بەچڕی لەلایەن تۆپخانەكانی ئێرانەوە، گوندی ئاڵانە و دەورووبەری لە سنووری ناحیەی حاجی ئۆمەران تۆپباران كران، كە بووە هۆی بریندار بوونی 5 هاووڵاتی و زەرەر و زیانی بە موڵك و باخ و مەڕوماڵات و چادرگەكانی ئەو هاووڵاتییانە گەیاند كە بەمەبەستی كۆچەری و بەخێوكردنی ئاژەڵ لەو شوێنە نیشتەجێن".
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە "هیچ بیانوویەك نەبوو ئێران تۆپبارانی خاكی سنووری هەرێمی كوردستان بكات، چونكە هیچ ئاڵۆزییەك لە سنوورەكە نەبووە و تەنانەت هیچ بنكە و بارەگایەكی حزبەكانی كوردی ئێران لەم سنوورە نییە و نەبووە، بەڵكو ئاڵۆزییەكان لە سنووری ئێرانەوە بووە، بۆیەش هیچ پێكدادانێك لە خاڵە سنووریەكان درووست نەبووە".
بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران هەروەها بۆ ئانادۆڵو گوتی: "حاجی ئۆمەران بۆ هەرێمی كوردستان لە هەموو خاڵە سنووریەكانی دیكە ستراتیجیتر و گرنگترە، چونكە جیا لەوەی خاڵێكی سنوورییە، ناوچەیەكی بەپیتە و ساڵانە رێژەیەكی باشی بەروبوومی كشتوكاڵی لێی بەرهەم دەهێنرێت و هەروەها خاوەنی لەوەڕگایەكی بەرفراوانیشە، بۆ ئەمساڵیش بەهۆی ئەوەی كە قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان درووست بوو، لە ناوچەكەدا بەرهەمی كشتوكاڵی زیاتر كراوە و پێشبینی دەكرێت ئاستی بەرهەم هێنان لە چاو ساڵانی رابردوو دوو هێندە بێت".