Mazın Asad . Sarmand Hameed
01 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 02 تەمووز 2016
ھەتای
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لە یاریگای ئاتاتورک لە شاری ھەتای بەشداری لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆمەڵە پرۆژەیەک بە گوژمەی ٤٠٠ ملیۆن لیرە کرد و دواتر بەشداری بەرنامەی بەربانگی کرد.
یڵدرم گوتی: "پێشکەوتنی تورکیا ھەم بە مانای ئاسایشی ناوەوە و ھەم دەرەوە و ھەمیش ئاسایشی براکانمان لە سووریا، عێراق و فەڵەستین دێت و بە مانای ئاسوودەیی زیاتر دێت. لە پێناو دابینکردنی پێداویستی بۆ ھەژاران و ئەوانەی لە رەوشێکی سەختدان پێویستە دەستمان بۆیان درێژ بکەین. ئەمڕۆ لە سفرەی بەربانگدا خەڵکی ھەتای پێکەوە لەگەڵ برا سوورییەکان جارێکی تر خۆشەویستی خۆیان نیشان دا و بۆیە شانازیتان پێوە دەکەم".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوەش دا کە تیرۆر ھەڕەشەیە بۆ سەر گشت جیھان و زیاتر گوتیشی: "نەک تەنھا بۆ وڵاتەکەمان، تورکیا بەسەر و گیان لە پێناو پارێزگاریکردن لە یەکێتی گەل، ئاسوودەیی و برایەتی بەرەنگاریی تیرۆر دەبێتەوە. دوو رۆژ لەوەپێش جارێکی دیکە رێکخراوانی تیرۆریستی ناپاکی خۆیان نیشاندا و فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵیان خوێناوی کرد. مرۆڤێکی زۆری بێ تاوان لە تورک و بیانی گیانیان لەدەست دا و سەدانی دیکەش بریندار بوون. بەو ھۆیەوە جارێکی دیکە دەرکەوت کە تیرۆ ئایین، نەتەوە و پیرۆزیی نییە. ئەوان وەک ئامێری کوشتن ئامادە کراون و لە لایەن کەسانێکەوە بەڕێوە دەبردرێن و پشتگیری دەكرێن، بەڵام ھەر چییەک بگوترێت ئێمە لێرەوە بانگەوازد بۆ گشت جیھان دەکەین کاتێک ئەو ئامێرە بکوژانە پشتگوێ بخەن، رۆژێک دێت ئێوەش لەناو دەبات".
یڵدرم لە بەشێکی قسەکانیدا گوتیشی: "رۆژ رۆژی شەڕە لە دژی تیرۆر. ئەگەر گشت مرۆڤایەتی بە بوێری دژی تیرۆر بوەستێت، ئەوکات ھەم جیھان سەقامگیر دەبێت و ھەمیش تورکیا. دەبینن بەھۆی رووداوەکانی سووریاوە ملیۆنەھا مرۆڤ ناچار بوون ماڵیان جێ بھێڵن و نیو ملیۆن مرۆڤیش گیانیان لەدەست دا. کێ سەرکەوت؟ خوێن و فرمێسک. کەس سەرنەکەوت. بۆیە ئیتر پێویستە ئەم خوێنە لە سووریا، عێراق، فەڵەستین و یەمەن و ناوچە جیاوازەکانی جیھان بوەستێت. ئەمڕۆ وڵاتە پێشکەوتووەکان، ئەورووپا، ئەمریکا و رووسیا بەرپرسیارێتی قورسیان لە وەستاندنی ئەم خوێنڕێژییە لە ئەستۆیە. وەک تورکیا لە پێناو وەستاندنی شەڕ و لەناوبردنی جیاکاری گشت ھەوڵەکانمان خستەگەڕ و لەمەودواش لە ھەوڵەکانمان بەردەوام دەبین".