Abdullah Shukur
22 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2016
ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی بینالی یڵدرم بەشداری لە پەخشێکی ھاوبەشی کەناڵێکی تورکیا کرد و لەبارەی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ گوتی: "لە نێو ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ھێزی ئاسمانی و زەمینی ھەیە، تورکیا لە نێو ھێزەکانی ئاسمانی دایە. لەکاتی پێویست فڕۆکەکانمان بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن. بۆ ئەمەش رێککەوتن ئەنجام دراوە. لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی زەمینیش ئێستا سوپای عێراق، پێشمەرگە و پۆلیس بەشداری دەکەن. ھاوکات ھێزەکانی پاسەوانی نەینەوا ھەیە کە ئێمە راھێنانمان پێکردوون. بۆیەش ئێستا ھیچ وڵاتێکی نێو ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە شێوەی راستەوخۆ بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکە ناکەن. ئەمریکا ھاوکاری لۆجیستی دەنێرێت. بۆیەش ئێستا ھیچ دۆخێک لە ئارادا نییە کە پێویست بکات ئێمە بە شێوەیەکی چالاک بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکانی زەمینی بکەین".
یڵدرم زیاتر گوتیشی: "ئەو وڵاتەی کە پەکەکەی تێدا حەواوەتەوە وڵاتی عێراقە. ھاوکات عێراق لە جیاتی ئەوەی قسە بە ئێمە بڵێت ئەوا پێش ھەموو شتێک با ئەو ناپاکانەی پەکەکە کە خەڵکی سڤیل دەکوژن و ھێزەکانی ئەمنیمان شەھید دەکەن لە وڵاتەکەیان نەھێڵن. با ئەوان خۆیان بە خاوەنی وڵاتی خۆیان بزانن، ئەوان ناتوانن بەسەر رێکخراوەکانی تیرۆریستی زاڵبن. کەچی تەحەدای تورکیا دەکەن".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم راشیگەیاند کە تورکیا چەکدارانی داعشی لە سنوورەکانی خۆی دوورخستووەتەوە و ئەگەر پێویست بێت ھەمان شت لە عێراقیش ئەنجام دەدەن. یڵدرم لەمبارەیەوە زیاتر گوتی: "بوونی داعش و مەترسییەکانی ئەو رێکخراوەمان لە سنوورەکانی خۆمان دوورخستەوە. بە ھەمان شێوە ئەگەر دۆخەکە لە عێراقیش پێویست بکات ئەوا ئەنجامی دەدەین. جوگرافیای سنووری ئێمە لەگەڵ عێراق سەختە و دۆڵی قوڵی لێیە. بەم پێیەش تێپەڕبوونی پەنابەران لەم شوێنە زۆر قورسە. ئێمەش رەزامەندی لەسەر ئەمە نادەین چونکە ئەگەری ئەوە ھەیە کە ئەندامانی تیرۆریستی خۆیان بخزێننە نێو ئەم پەنابەرانە. بۆیەش پێکھێنانی ناوچەیەکی ئارام لە نێو سنووری دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کارێکی ژیرانەترە. لەمبارەیەوە رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم گوتیشی: "بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا دەیڵێم، تورکیا لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بەرەنگاری گشت رێکخراوەکانی تیرۆریستی دەبێتەوە لە ژێر هەرناوێک بێت وەکو پەیەدە، پەکەکە، یەپەگە و داعش. بۆ ئەمەش مۆڵەت لە کەس وەرناگرێت".