Berk Özkan
16 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2021
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆلتنبێرگ ئەنجامدا.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بەسەرۆکایەتی کۆماری تورکیا-وە بڵاوکراوەتەوە، لە میانی پەیوەندییەکەی نێوان ئەردۆغان و ستۆلتنبێرگ، ھەڵسەنگاندن بۆ پێشھاتەکانی دەریای ئیجە، رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لیبیا و ئەفغانستان و قەیرانی رووسیا و ئۆکراینا و پرسە ناوچەییەکان کرا.
ئەردۆغان، لە میانی پەیوەندییەکەدا، بە ستۆلتنبێرگ-ی راگەیاند کە بە سایەی ھەنگاوە کردارییەکان و بانگەوازە پێداگرییەکانی تورکیا، ئەمرۆ کەشێکی ئارام باڵی بەسەر دەریای ئیجە و رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستی کێشاوە.
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنەکەیدا لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ یەنس ستۆلتنبێرگ، جەختی لەو کردەوە کە دەبێت لە بوارەکانی بەرگریی و ئاسایشدا باڵپشتی حکوومەتی نوێی لیبیا بکرێت و رایگەیاند کە تورکیا لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنامانەی کە واژۆی کردووە دەتوانێت کاریگەری ھەبێت لەسەر ئەم بابەتە.
ئەردۆغان، لە میانی پەیوەندییەکەی لەگەل ستۆلتنبێرگ، جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت بەبەکارھێنانی توانا و ھەژموونی ناتۆ، بە کاریگەرترین شێوە درێژە بە پاڵپشتیکردنی ئەفغانستان بدرێ.
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، جەختی لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانی نێوان رووسیا-ئۆکراینا لەسەر بنەمای یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا و رێککەوتنەکانی مینسک کردەوە و بڕوایی خۆی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە لە رێگەی دیالۆگەوە دووپاتکردەوە.