Abdullah Shukur
19 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2016
ئیستانبوڵ
جێگری سکرتێژی گشتی و گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئیبراھیم کاڵن گوتی: "بە ھیچ شێوەیەک رێگە نادەین، شەنگاڵ ببێتە قەندیلی دووەم. ئەگەر ھەنگاوێکی بەم شێوەیە بھاوێژرێت ئەوا تورکیا رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر".
کاڵن لە پێشانگایەکی شاری ئیستانبوڵ لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان پێشکەش کرد و زانیاری لەسەر دواپێشھاتەکانی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕات و مووسڵ ئاشکرا کرد.
کاڵن رایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕات کە لە ٢٤ی ئابی رابڕدوو لە سووریا دەستیپێکردووە، بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەردەوامە.
گوتیشی: "ئێستا ناوچەکانی جەرابلوس، ئەلراعی، دابق و تا ئەلباب بە تەواوی لە داعش پاککراوەتەوە. ئۆپەراسیۆنەکە بەپێی پلانی دیاریکراو بەردەوامە".
کاڵن جەختیشی لەوە کردەوە کە کاری پێشینە لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ ئەوەیە کە دەبێ شارەکە لە لایەن خەڵکی مووسڵەوە لە چەکدارانی داعش پاککرێتەوە و تا ئێستاش پلانی ئۆپەراسیۆنەکە وەک خۆی بەرێوەدەچێت. گوتیشی: "لە ناوی شاری مووسڵ، رۆژھەڵاتی دیجلە بە رێژەیەکی بەرچاو پاککراوەتەوە. بەڵام بەشی رۆژئاوای دیجلە کە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی لێ نیشتەجێیە ماوە".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار ئاشکراشی کرد کە دەزگاکانی خێرخوازی تورکیا وەک ئافاد و مانگی سووری تورکی بەمەبەستی پێشوازی لە ئەگەری لێشاوی ئاوارەکان لە ئامادەباشی دایە. ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم رێککارییە بە ھەماھەنگی حکوومەتی ناوەندی و ھەولێر بەرێوەدەچێت.
کاڵن راشیگەیاند کە چوونی ھێزی گرووپە شیعەکان بۆ نێو تەلەعفەر دەبێتە ھۆکارێک بۆ پێکدادانی مەزھەبگەریی و ئەمەش جێگەی قبوڵ نییە.
کاڵن زیاتر گوتیشی: "ئێستا رێککەوتنێک ھەیە لەبارەی چوونی دوو ھەزار تورکمانی شیعی و سونی لەگەڵ سوپای عێراق بۆ نێو تەلەعفەر. ئێمەش دەمانەوێت کە ئەم رێککەوتنە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت. سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر ئەلعەبادی ١٠-١٥ رۆژ پێش ئێستا چەند لێدوانێکیدا و تیایدا بەڵێنی دا بەوەی کە حەشدی شەعبی ناچێتە نێو تەلەعفەرەوە بەڵام ئێستا چەند پێشھاتەیەک بە پێچەوانەی ئەمە دەبینین. ئەمەش مانای ئەوەی کە عەبادی یان ناتوانێت بەڵێنەکانی خۆی بسەپێنێ یانیش پیلانێکی دیکە ھەیە".
کاڵن لەبارەی شەنگاڵەوە گوتیشی: " لەوەو پێش ھێزەکانی پێشمەرگە بە سەرکردایەتی مەسعوود بارزانی ئۆپەراسیۆنێکیان لە شەنگاڵ ئەنجامدا و ئێستاش مەترسی داعش لەم شوێنە بوونی نییە. بەڵام پەکەکە دەیەوێت پێگەیەک بۆ خۆی لەو شوێنە بەدەستبھێنێت. بە ھیچ شێوەیەک رێگە نادەین، شەنگاڵ ببێتە قەندیلی دووەم. ئەگەر ھەنگاوێکی بەم شێوەیە بھاوێژرێت ئەوا تورکیا رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر".