Muhammet Ali Kemal
15 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2016
کۆجائەلی
سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو بەشداریی لە وۆرکشۆپی لاوانی کۆجائەلیدا کرد و گوتارێکی پێشکەش کرد.
داودئۆغڵو لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد کە لە ئێستادا تورکیا چڕوپڕترین بەرەنگاریی لە مێژووی کۆماری ئەو وڵاتەدا، لەبەرامبەر تیرۆردا ئەنجام دەدات و رایگەیاند:
''لە ئێستادا چڕوپڕترین بەرەنگاریی لە مێژووی کۆماری تورکیا، لەبەرامبەر تیرۆردا ئەنجام دەدەین کە مێژوویەکی ٣٥ ساڵەمان لە دژی تیرۆر هەیە. تورکیا کە بووەتە ئامانجی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی هاوشێوەی پەکەکە و داعش کە دەستیان بە خوێن سوورە، ئەوە نیشانی جیهان دەدات کە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە چ شێوەیەک ئەنجامدەدرێت. لەبەرامبەر ئەو بەرەنگارییە کاریگەر و خۆڕاگرانەیەی ئێمە ئەنجامی دەدەین، ئەوە روونە کە رێکخراوی تیرۆریستیی حاڵی چی لێهاتووە. ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە و پشتیوانانیان لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکاندا چیتر گەیشتووەتە قۆناغی لەناوچوون و لەهەر کاتێکدا کە ناڕەحەت دەبن، دەست بۆ یاریی نوێ دەبەن تاوەکو پانتایی ئەنجامدانی مانۆڕیان بۆ بڕەخسێنێتەوە. یەکێک لە یارییەکانیان بریتییە لەوەی دوای ئەوەی مزگەوتەکانیان سووتاند، منارەکانیان لە ئاستی بانگدا بێدەنگ کرد و سروودی خۆیانیان لێوە پەخش کرد، بۆمبیان خستە نێو قورئانی پیرۆزەوە، ئێستا هاتوون باسی نوێژی هەینی دەکەن''.
ئەحمەد داودئۆغڵو جەختی لەوەکردەوە ئەو فەرمانەی لە ٢٣ی حوزەیراندا دایانە هێزە ئەمنییەکان، لەئێستاشدا بەرکارە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر خۆڕاگرانە بەردەوام دەبێت و رایگەیاند:
''ئەو فەرمانەی لە ٢٣ی حوزەیراندا دامانە هەموو هێزە ئەمنییەکان، لەئێستاشدا بەرکارە. تا ئەو کاتەی شارەکان، شارۆچکەکان، گوندەکان، دەشتەکان و چیاکانی ئەم نیشتمانە لە تیرۆریستان پاک دەکرێتەوە، بەرەنگاریی تیرۆر بە تەواوی خۆڕاگرییەوە بەردەوام دەبێت.ئەوانەشی کە بوونەتە گوتەبێژی تیرۆربەشیوەیەکی دڵرەقانە دەبرێنە بەردەم دادگا و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت''.