Aziz Aslan
16 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2022
دیاربەکر-AA
لە پەلامارێکی تیرۆریستیدا کە لە کاتی تێپەڕبوونی مینی پاسێکی هێزە ئەمنییەکاندا لە دیاربەکر روویدا، نۆ کەس بریندار بوون کە هەشتیان پۆلیسن.
لە کاتی تێپەڕبوونی مینی پاسێک کە هێزە ئەمنییەکانی هەڵگرتبوو لەسەر رێگەی دیاربەکر-ماردین لە گەڕەکی یەشیل ڤادی، ئەو ئۆتۆمبێلەی لە کەنار رێگاکە وەستێندرابوو، تەقێنرایەوە.
دوای ئاگادارکردنەوەیان لە رووداوەکە، تیمەکانی تەندروستی و پۆلیسی رەوانەی شوێنەکە کران.
هاووڵاتییەکی مەدەنی و هەشت پۆلیس کە لە رووداوەکە برینداربوون لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە گەیەندرانە نەخۆشخانە.
پارێزگای دیاربەکر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە لە کاتی تێپەڕبوونی مینی پاسیێک کە هێزە ئەمنییەکانی هەڵگرتبوو، کاتژمێر ٠٥:١٠ ئۆتۆمبێلێک کە لە کەنار رێگاکە وەستێندرابوو، تەقێندرایەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، نۆ کەس کە لەئاکامی رووداوەکەدا بریندار بوون، گەیەندرانە نەخۆشخانە.
پارێزگاری دیاربەکر، عەلی ئیحسان سو لە شوێنی رووداوەکە لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاسایشی دیاربەکر، فاتیح کایا شوێنی رووداوەکەیان بەسەرکردەوە.
پارێزگار سو، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان بە ئاماژەدان بەوەی دوو گومانلێکراو بە هۆی ئەو پەلامارە تیرۆریستییەوە دەستبەسەر کراون، گوتی: "سوپاس بۆ خوا هاوڕێکانمان تەنها بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەکان کران. حەوت لە برینداربووان چارەسەری بەپەلەیان بۆ کرا و رەوانەی ماڵەوە کرانەوە. دووانیشیان هێشتا لە ژێر چاودێری دان. هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانیاندا نییە. پشتیوان بە خودا ئەوانیش رەوانەی ماڵەوە دەکرێنەوە".
سو گوتیشی: "ئۆتۆمبێلەکە بەکرێگیرابوو و هێنرابووە کەنار رێگاکە. لە قەزای لیجە ئەو کەسەمان دەستبەسەر کرد کە ئۆتۆمبێلەکەی بە کرێگرتبوو، بۆ ئێرەی هێنابوو و تەقاندبوەوە، ئەو کەسەیش دوای رووداوەکە تەکسی لێخوڕیوە دەستبەسەر کرا. لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە. دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان هاوڕێیان روونکردنەوەی پێویست دەدەین. سوپاس بۆ خوا برینی هیچ کام لە هاوڕێیانمان سەخت نییە. بەردەوامین لە کارکردن بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر لە پارێگاکەماندا".
- ژمارەی دەستبەسەرکراوان بۆ پێنج کەس بەرزبووەوە
داواکاری گشتیی کۆماریی دیاربەکر رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کە برینداربوونی نۆ کەسی لێکەوتەوە، دەستی پێکردووە.
زانرا کە لەمیانی لێکۆڵینەوەکاندا سێ گومانلێکراوی دیکە کە پەیوەندییان بە رووداوەکەوە هەیە دەست بەسەر کراون و بەمەش ژمارەی دەستبەسەرکراوان بۆ بۆ پێنج کەس بەرزبووەوە.