Ramal Abdullah Mahmood
03 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2018
ئه‌نقه‌ره - AA
سه‌ركۆماری توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند: "سوێندی ئێمه مارشی ئیستیقلاله و به‌و مارشه‌وه به‌رده‌وام ده‌بین له رێگاكه‌مان".
ئه‌ردۆغان له میانی به‌شداریكردن له "لووتكه‌ی گه‌نجانی توركیا" كه له‌لایه‌ن پلاتفۆرمی رێكخراوه‌كانی گه‌نجانی توركیا له هۆڵی كۆڕوكۆبوونه‌وه‌كانی داودپاشا له زانكۆی یڵدز ته‌كنیك ئه‌نجام درا، گوتارێكی پێشكه‌ش كرد.
ئه‌ردۆغان پێویستی زانی كه بهتێگهیشتنێكهوه كاره‌كانیان ئه‌نجامبده‌ن، تا گه‌نجان له‌دواوه‌وه نه‌مێننه‌وه، به‌ڵكو رێگایان له‌به‌رده‌مدا بكه‌نه‌وه و رێڕه‌ویان بۆ ده‌ستنیشان بكات. گوتی: "ده‌كرێت گرووپێكی كار له گه‌نجان له‌چوارچێوه‌ی یه‌كێك له دامه‌زراوه سیاسییه‌كانماندا پێكبهێنین. ئێمه ئامانجمانه ئه‌وه‌ی گه‌نجان به‌ده‌ستی ده‌هێنن فراوانی بكه‌ین، نه‌وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌جیهانی خه‌یاڵیاندا هه‌یه به قه‌ده‌غه‌كراو دهوریبدهین".
سه‌ركۆماری توركیا به ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی هه‌موویان ئه‌وه‌یه، زه‌مینه‌یه‌ك بۆ گه‌نجان بڕه‌خسێنن كه نه‌كه‌ونه نێو تیرۆر، توندوتیژی، ماده‌ی هۆشبه‌ر و خراپه‌كارییه‌وه. گوتی: "ئێمه به‌وه‌وه نه‌وه‌ستاوین بڵێین گه‌نجان ئاینده‌مانن. به‌ته‌واوی هێزمانه‌وه هه‌وڵده‌ده‌ین گه‌نجه‌كانمان له زه‌مینه‌یه‌كی ته‌ندروستدا و به‌باشی په‌روه‌رده بكه‌ین. جارێكی دیكه رێگه به هیچ كه‌س ناده‌ین له‌به‌ر قینی سیاسیی خۆی، گه‌نجانی ئه‌م وڵاته بۆ شه‌ڕی براكوژی راپێچ بكا. ته‌نها له ساڵی ٢٠٠٢ه‌وه تاكو ئێستا ژماره‌ی سه‌نته‌ره‌كانی گه‌نجانمان له نۆ سه‌نته‌ره‌وه گه‌یانده ٢٨٦ سه‌نته‌ر و ژماره‌ی دامه‌زراوه وهرزشیهكانیشمان له هه‌زار و ٥٧٥هوه گه‌یاندۆته سێ هه‌زار و ٥٦٧ دامه‌زراوه‌ی وه‌رزشی".
سه‌ركۆماری توركیا تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی له سه‌رجه‌م 81 پارێزگای توركیا زانكۆیان كردۆته‌وه. ئێستا پێویسته كوالیتییان به‌رزبكرێته‌وه و هه‌وڵ بۆ ئه‌وه ده‌ده‌ن.
ئه‌ردۆغان سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا سوێندی ئه‌وان مارشی ئیستیقلاله و به‌و مارشه‌وه به‌رده‌وام ده‌بین له رێگاكه‌یان. گوتی:"ئه‌و دیمه‌نانه‌ی دوای بڕیاری دادگای باڵا بینیمان، سووربوونی ئێمه‌ی له‌وباره‌وه زیاتریش كردووه. پیاوی گه‌وره گه‌وره به‌روانگه‌ی ره‌شیان له‌به‌ركردووه و به‌هه‌مان عه‌قڵیه‌ته‌وه ژنی گه‌وره گه‌وره بهلهبهركردنێكی نیوهناچڵێ ده‌قه‌كانه‌وه سوێند ده‌خۆن، له‌به‌رده‌م گه‌لدا خۆیان كردووه به مه‌خسه‌ره. ئه‌م بابه‌تانه كه یه‌ك له‌یه‌كتر زیاتر جێگه‌ی شه‌رمه‌زارین، پێم وایه بابه‌تی سیاسی نییه و بابه‌تی ده‌روونییه".
سه‌ركۆماری توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ره‌خنه‌ی له گه‌وره‌ترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی وڵاته‌كه‌یشی گرت و گوتی: "ئه‌م عه‌قڵیه‌تی جه‌هه‌په ئه‌مانه‌ی ئه‌نجامنه‌دا؟ ته‌نها له‌نێو فاتیح و سنووری شوورای ئیستانبوڵدا سه‌دان مزگه‌وتیان داخست و كردیانه ته‌ویله. هه‌موو شتێك بۆ مه‌رامی خۆیان به‌كارده‌هێنن به‌ڵام له مێژووی ئه‌واندا یه‌ك به‌رهه‌میان نییه كه وه‌ك فڕۆكه‌خانه‌ی ئیستانبوڵ، تونێڵی ئۆراسیا، مارمارای، پردی یاڤوز سوڵتان سوله‌یمان بووبێته یاده‌وه‌ری شكۆداری گه‌له‌كه‌مان".
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان باسی له‌وه‌ش كرد كه سه‌ربازگه‌ی رۆمی ده‌كه‌نه گه‌وره‌ترین كتێبخانه‌ی توركیا.