Sarp Özer
06 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2017
ئەنقەرە- AA
لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی سوپای تورکیا بۆسەر پێگەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە گوندەوارەکانی هەکاری و شرنەخ، ١٦ چەکدار کوژران.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیاوە بڵاوکراونەتەوە، ئۆپەراسیۆنەکان بۆسەر پەکەکە لە چیای گاباری شرنەخ درێژەی هەیە.
لەدوای تەقاندنەوەی ئەو بۆمبەی لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە، کە پێشتر چاندبوویان و ببووە هۆی گیان لەدەستدانی سێ سەربازی سوپای تورکیا، ئۆپەراسیۆن بۆسەر ئەو ناوچەیەی چەکدارەکانی لێیە فراوان کرا و شوێنی ئەو چەکدارانە دوور لە دوو کیلۆمەتر لە شوێنی تەقینەوەکە، دیارییکرا.
دوای ئەوەی لە رێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە شوێنەکانیان دیارییکرا، فڕۆکەکانی سەربە هێزی ئاسمانی سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکیان بۆسەر ناوچەکە ئەنجامدا. لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەشدا ٨ چەکدار کوژران.
هاوکات لە گوندەوارەکانی سەربە چوکورجاى، هێرشێکی ئاسمانیی کرایە سەر چەکداری رێکخراوەکە کە لە خۆ ئامادەکردندا بوون بۆ ئەنجامدانی هێرش.
هەروەها لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بۆسەر پێگەکانی پەکەکە ناوچەی ئاڤاشین-باسیان، زاپ و قەندیل لە باکووری عێراق لە نێوان کاتژمێر 09:00 تاوەکو کاتژمێر 10:30ی دوێنێ، ژمارەیەک سەکۆی چەک و حەشارگە و پەناگە و ئەشکەوتی رێکخراوەکە خاپوورکران.