ئیستانبوڵ
دوای ئەوەی سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبەرامبەر پرسی دەستێوەردانی ئێران لە كاروباری یەمەن چەند پەیامێكی ئاراستەی ئەو وڵاتە كردبوو، چەند بەرپرسێكی ئێرانی ئاماژەیان بەوە دابوو كە دەبێت سەردانە چاوەڕوان كراوەكەی ئەردۆغان بۆ ئێران دوا بخرێت.
لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە فڕۆكەخانەی ئەتاتورك سزاكرا، سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "هەڵبەت لەبارەی یەمەنەوە لێدوانی ئێمە دەزانن چی بوو، ئەویش بەئاراستەیەك بوو كە هیچ كات لەگەڵ دەستێوەردانی دەرەكی دانین، كە هەڵبەت ئەمەش وەك رێزێك بۆ یەكپارچەیی خاكی یەمەن بووە. دواتر رامگەیاند كە دەبێت ئەوانەی دەستیان وەرداوەتە كاروباری یەمەنەوە، بكشێننەوە. لەم بارەیەوە، دوو دەنگی جیاواز هەیە. یەكێكیان نازانم جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی پەرلەمانە كە هەڵبەت ئەویان موخاتیبی من نییە. ئەو كەسانە سەردانی ئێمە دیاری ناكەن، دەڕۆین یان نا، ئەوە ئێمە دیاری دەكەین و بڕیاری لەسەر دەدەین".
ئەردۆغان جەختی لەوەش كردەوە كە ئەوان ئێستا لەسەر پرۆگرامەكەی خۆیانن و گوتی: "ئەوە ئێمەین كە بڕیار دەدەین بچینە ئێران یان نا، ئێمە هێشتا لەسەر پرۆگرامەكەی خۆمانین، بەڵام هاوكات ئاگاداری یەمەنیشین. پێشهاتەكانی یەمەن بۆ ئێمە زۆر زۆر گرنگە، دەشێت هەر بڕیارێك بدەین، بەڵام تا ئێستا هیچ گۆڕانكاریەك لە پرۆگرامی سەردانەكەمان بۆ ئێران رووینەداوە ".
لەبارەی رێككەوتنی توركیا و ئەمریكا لەسەر پرسی مەشق پێكردنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەكرد كە لە گەڵ ئۆبامادا بە تێروتەسەلی باسیان لە پرسی سووریا كردووە و ئاشكرای كرد لیژنەكانی توركیا كۆنترۆڵی پرۆسەی مەشق پێكردن و پڕچەككردنی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەكەن و راشیگەیاند كە ئەوەی توركیا پێداگری دەكات لە قۆناغی دووەمدا، پرسی دروست كردنی ناوچەیەكی دژە فڕین و ناوچەیەكی ئارامە، كە ئێستا دانوستانەكان لەوبارەیەوە بەردەوامیان هەیە".