ئەنقەرە
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی بڕیاری لە سێدارەدانی سەرکۆماری پێشووی میسر، محەمەد مورسی: "ئەم بڕیارە دژی ئازادی و مافەکانە. ئەمە دیارترین نیشانەیە بەوەی کە دەسەڵاتی کودەتا بە کوشتنی ھەزاران کەس و زیندانیکردنی دەیان ھەزار کەسیش یاسای خستووەتە ژێرپێی خۆیەوە".
ناوەندی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار، لە راگەیاندراوێکدا جەختی لەوە کردەوە کە "سەرکۆماری ھەڵبژێراوی میسر، محەمەد مورسی بە شێوەیەکی ناڕەوا لە دەسەڵات لابراوە و خراوەتە زیندان ھاوکات بێ بەریی کراوە لە مافە سەرەتاییەکانی خۆی".
لە راگەیەندراوەکەدا بەشێوەیەکی توند ئیدانەی پەسندکردنی بڕیاری لە سێدارەدانی محەمەد مورسی و ١٠٥ کەسی دیکە کرا. راشگەیەنرا کە ئەم بڕیارە ئاشتەوایی گەلی میسر دەخاتە مەترسییەوە.
لەمەش زیاتر لە راگەیاندراوەکەدا ھاتووە "بانگھێشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ ئەوەی ئەم بڕیارەی لەلایەن دەسەڵاتی کودەتاوە دراوە ھەڵبوەشرێتەوە".
جەختیش لەوە کرایەوە کە بەمەبەستی دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاشتەوایی کۆمەڵگەی میسر پێویستە ئەم بڕیارانە ھەڵبوەشێتەوە.