بەغدا
فەرماندەی ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، فەریق عەبدولسەمیر ئەلشەمەڕی رایگەیاند کە بۆ پێشگری لە رووداوەکانی تیرۆر لە مانگی رەمەزان رێوشوێنی ئەمنی توندیان گرتووەتەبەر.
شەمەڕی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە شاری بەغدا رایگەیاند کە ئەوان لە مانگی رەمەزاندا پلانێکی نوێیان بەمەبەستی پێشگری لە کاری تیرۆریستی خستووەتە بەرکار لە پاڵ ئەمەشدا گوتی: "رێوشوێنی ئەمنی توند لە گشت پەرستگا و شوێنەکانی قەرەباڵغ لەلایەن یەکینەکانی پۆلیسی سەر بە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا دەگیرێتەبەر".
شەمەڕی لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆرستی داعش ئاشکرای کرد کە ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای بەغدا بەردەوامە و ناوچەکانی جەزیرتول گەرمە و ناوچەکانی باکووری دیجلەیان رزگارکردووە.
راشیگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکان بە ھاوشانی حەشدی شەعبی ئەنجام دراوە.
شەمەڕی لەبارەی رووداوەکانی رفاندن لە شاری بەغدا رایگەیاند کە بەشێک لە خێزانەکان پێش ئاگەدارکردنەوەی پۆلیس بەمەبەستی ئازادکردنی کەسانی نزیکی خۆیان پارە بە تاوانباران دەدەن. راشیگەیاند کە لە مانگی حوزەیران بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشوو کاری رفاندن کەمی کردووە.
جێگەی باسە فەریق عەبدولسەمیر ئەلشەمەری راشیگەیاند کە پڕچەککردنی یەکینەی سەربازیی ھۆزەکانی ئەنبار لە دژی داعش لەلایەن وەزیری بەرگری، خالید ئەلعوبەیدی پەسند کراوە.