Islam Doğru
30 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2021
نیویۆرک - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەو رەخنانەی رەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن کڕینی ئێس-٤٠٠کان لە لایەن تورکیاوە لە رووسیا زیانی بە هاوپەیمانی ناتۆ گەیاندووە و، رایگەیاند: ''ئەگەر ئەمریکییەکان سیسیتمی بەرگریی مووشەکی پاتریۆتیان بە تورکیا بفرۆشتایە، ئەوا ناچار نەدەبووین ئێس-٤٠٠کان بکڕین''.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەو بەشەی دیدارەکەی لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان بڵاوکردەوە کە تایبەت بوو بە ئێس-٤٠٠ و لە میانی ٧٦هەمین گەڕی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵی سازکردبوو.
بە گوێرەی هەواڵەکە، سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان لە لێدوانەکەیدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە هەم سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ و هەمیش سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ جەختیان لەسەر مافی تورکیا کردووەتەوە بۆ کڕینی چەک.
گوتیشی : ''ئەگەر ئەمریکییەکان سیستەمی بەرگریی مووشەکی پاتریۆتیان بە تورکیا بفرۆشتایە، ئەوا ناچار نەدەبووین ئێس-٤٠٠کان بکڕین''.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا کڕینی ئێس-٤٠٠کان لە لایەن تورکیاوە شایەنی ئەوە ناکۆکییە بوو لەگەڵ ئەمریکا یان نا، ئەردۆغان رایگەیاند: ''بە رای من شایەنی بوو. دەتوانین بە ویستی خۆمان بەرگرییمان بەهێز بکەین''.
هەروەها ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کردووە کە پەیوەندییەکانی تورکیا-ئەمریکا لە رووی بنەماوە پارێزراوە و، رایگەیاندووە: ''تورکیا پەیوەندی لەمێژینەی لەگەڵ ئەمریکا هەیە و پێویستە بپارێزرێت و بەهێز بکرێت''.