Abdullah Shukur
13 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2017
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "لەمەودوا ھیچ ھەوڵێکی ئەمریکا بەمەبەستی دانوستان لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین جێگەی باس نییە. ئەم قۆناغە ئیتر کۆتایی ھاتووە".
لووتکەی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی لە ھۆڵی پێشانگا و کۆنگرەی لوتفی کردار لە شاری ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو، و دواتریش سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس و سکرتێری گشتی رێکخستنی ھاریکاری ئیسلامی ئەحمەد عوسەیمین کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان رێکخست.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەردۆغان وتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر پاراستنی پێگەی مێژوویی قودس کردەوە.
ئەردۆغان راشیگەیاند کە لە کۆبوونەوەی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی نیشانی گشت جیھان دراوە کە قودس بێ خاوەن نییە و گوتی: "لەم کۆبوونەوە مێژووییەدا جارێکی دیکە قودس بێ خاون بەجێنەھێڵدرا، لەو باوەڕەدام نەک تەنیا بەو کەسانەی کە بڕیارەکەیان داوە بەڵکو بە تەواوی جیھانمان نیشاندا کە کێ خاوەنی قودسە".
ئەردۆغان باسی لە ھەوڵەکانی ئەمریکا بەمەبەستی ئەنجامدانی دانوستان لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین کرد و گوتی: "لەمەودوا ھیچ ھەوڵێکی ئەمریکا بەمەبەستی دانوستان لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین جێگەی باس نییە. ئەم قۆناغە ئیتر کۆتایی ھاتووە".
ئەردۆغان راشیگەیاند ناکرێ چارەنووسی قودس بکەوێتە دەستی وڵاتێک کە دەیەوێ بە کوشتنی خەڵکی سڤیل و منداڵ و ئافرەت سنوورەکانی خۆی فراوان بکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە ھەڵوێستی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی لەبارەی قودس کرد و گوتی: "وەک سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکی حکوومەتەکانی رێکخراوی ھاریکاریی ئیسلامی، پێویستە بە پێداگری درێژە بەم ھەڵوێستە بدەین. ھەڵوێستمان لەو بابەتە وەک ‘قودس ھێڵی سوورمانە’ و راشیگەیاند. سەرەڕای گشت ھۆشدارییەکانمان، ئیدارەی ئەمریکا لەبارەی قودس روونکردنەوەیەکی نایاسایی، نامەنتقی و نائەخڵاقی کرد. لەم یەکەم رۆژەوە ئاماژە بەوە دەکەین کە بڕیارەکە لە بەردەم ویژدان، یاسایی و مێژووییەوە ھیچ رەوایەتییەکی نییە. واتا ئەو بڕیارەی ترەمپ رایگەیاند، لای ئێمە ھیچ بایەخێکی نییە".
ئەردۆغان گوتیشی: "لە روانگەی ئێمەوە قودس پایتەختی فەڵەستینە و ھەر بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارەکەیدا ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی قودس رەتدەکەنەوە و لەوبارەیەوە گوتی: "وەک گشت مرۆڤایەتی، لەگەڵ ١.٧ ملیار کەس لە جیھانی ئیسلامی، جارێکی دیکە رەتکردنەوەی بڕیارەکەی ئیدارەی ئەمریکامان پشتڕاستکردەوە".
ئەردۆغان جەختی لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیی فەڵەستین کردەوە و گوتی: "ئێمە وەک رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی بەھیچ شێوەیەک پاشگەز نابینەوە لە داواکاری دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیی فەڵەستین لە چوارچێوەی سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧ کە پایتەختەکەی قودس بێت".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە درێژەی وتارەکەیدا گوتیشی: "لووتکەی ئەمڕۆی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی، پەیامێکی مێژوویی بوو بەرامبەر بەو ھەنگاوە تێکدەرانەیەی ئیدارەی ئەمریکا کە لەبارەی قودسەوە ناویەتی"