ئەنقەرە
ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکەش کرد ئاماژەی بە وەستانی تورکیا لە لای فەڵەستینیەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا لە لای زاڵمەکان نییە بەڵکو ھەموو کاتێ لە لای ستەملێکراوەکانە و ئەم ھەڵسوکەوتەی تورکیاش کەسانێک نارەحەت دەکات.
ئەردۆعان گوتی: "پێشتر ویستیان لە گەڵ رووداوەکانی گەزی پارک، حکومەتی تورکیا بروخێنن بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. ئەو سیناریۆیەی کە لە میسر پەیرەویان کرد لە تورکیا سەری نەگرت. لەگەڵ ئەوەی کە نەیانتوانی بە خۆپێشاندانەکانەوە حکومەت برۆخێنن پەنایان بردە بەر کودەتای دادوەری ئەویش بە رێگای پیاوەکانیان کە لە پانسیلڤانیایە، دووبارە سەرکەوتوو نەبوون. ئێستاش سیناریۆیەکی نوێ لە ئارادایە کە ئەویش پێشاندانی کاندیدێکی ھاوبەشی سەرکۆمارە. ئەو کەسانەی کە لە گەزی پارک، لە ١٧ و ٢٥ کانوونی دووەم و لە ٣٠ ئادار سەرکەوتوو نەبوون دەیانەوێ لە ١٠ ی ئاب سەرکەوتووبن. بەرامبەر بە زۆڵمەکانی ئیسرائیل دەنگیان دەرناچێ بۆ فەڵەستین دەنگی بەرزناکاتەوە، دەیانەوێ بە سەرکۆمارێکی واوە تورکیا بێدەنگ بکەن. دەیانەوێ تورکیا وا لێ بکەن بێ دەنگبێ بەرامبەر بە رووداوەکان. ئێستا ناتوانن رۆژەڤی تورکیا بگۆرن، تورکیا تورکیا پێشوو نییە کە بە پەنجەیەک رێرەوی خۆی بگۆرێ، ئەم تورکیایە تورکیایەکی نوێیە و تورکیایەکی سەربەخۆیە نە لە دەرەوە نە لە ناوەوە ملکەچی بۆ کەس ناکات."
سەرۆکوەزیرانی تورکیا جەختی لەوەش کردەوە کە ئیسرائیل کردەوەی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامدەدا و خەڵکی بە کۆمەڵ دەکوژێ. ھەروەھا ئەوەشی راگەیاند: "دوو وڵات ھەن بەرامبەر بە ئیسرائیل دەنگیان بەرز دەکەنەوە کە یەکێک لەو وڵاتانە میسرە. مورسی لە میسر بە دەنگی نەتەوەی میسر ھاتە سەر حوکم، یەکێک لە کارەکانی ئەوە بوو کە یارمەتی مرۆیی رەوانەی غەززە کرد بە ھیوای کردنەوەی دەرگای سنووری رەفاح بوو. مورسی ساڵێ لە سەر حوکمەت ما کە لە لای خەڵکی فەڵەستینیەکان وەستا و بە تەنیا بەرامبەر بە ئیسرائیل دەنگی بەرزدەکردەوە."