هه‌ولێر
رۆژی سێشه‌ممه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌چاودێری و ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی حكومه‌ت و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیر و په‌رله‌مانتاران و كه‌سوكاری قوتابیان رێز له قوتابیه سه‌ركه‌وتووه‌كانی قۆناغی ئاماده‌یی گیرا.
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان د.پشتیوان سادق گوتی: "بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌كی باش په‌روه‌رده بكه‌ین، فه‌لسه‌فه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ئه‌وه‌یه كار له‌سه‌ر دانانی میكانزمێكی گونجاو بكه‌ین، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گیروگرفتانه له په‌روه‌رده‌دا هه‌ن."
گوتیشی: "له‌خۆ ئاماده‌كردنین، بۆ چوارساڵی داهاتوو به‌هاوكاری په‌رله‌مانی كوردستان، یاسای نوێی په‌روه‌ده دابڕێژرێینهوه، بۆئه‌وه‌ی گۆڕانكاریه‌كی نه‌وعی له سیسته‌می په‌روه‌رده بكه‌ین، له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كانی سه‌رده‌می ئێستا بگونجێ هه‌روه‌ها پێداچوونه‌وه به كایه ئیدارییه‌كان بكه‌ین، لامهرگهزیهت بگێڕینه‌وه بۆ قوتابخانه‌كان و ئاستی زانستی ئاماده‌ییه‌كان به‌رزبكه‌ینه‌وه."
وه‌زیر په‌روه‌رده ئه‌وه‌شی گوت: "هه‌وڵ ده‌ده‌ین ده‌زگا سهرپهرهشتیهكان سه‌ربه‌خۆ بن. گرنگی به قوتابخانه پیشه‌ییه‌كان بده‌ین و بیان به‌ستینه‌وه به بازاڕی كارەوە ئێستا رێژه‌ی ٣% ە و هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ ٢٠% به‌رزی بكه‌ینه‌وه."
له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا پشتوان سادق باسی له‌وه‌شكرد پلانی وه‌زاره‌ته‌كه‌یان ئه‌وه‌یه كه هه‌وڵده‌ده‌ن له‌رووی نۆژه‌نکردنەوە و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان به‌هاوكاری سه‌رۆكی حكومه‌ت زیاتر له دوو هه‌زار قوتابخانه یان ئه‌و قوتابخانانه‌ی پێویستیان بهنۆژهنكردنهوهیه نۆژه‌نیان بكه‌نه‌وه.
پاشان سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتی: "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن پلانێكی درێژ خایه‌نه بۆ پێشخستنی بواری په‌روه‌رده‌و بواره‌كانی تر."
بارزانی گوتیشی: "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شێكی زۆر داهاتی ناوخۆی ته‌رخانكردبوو بۆ دروستكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌و بینای په‌روه‌رده‌ی و سیسته‌می خوێندن بێگومان كاری ترمان له پێشه كه ئه‌نجامی بده‌ین."
سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌رێمی كوردستان داوای له سهرمایهدارانكرد كه له‌بواری په‌روه‌رده وه‌به‌رهێنان ئه‌نجام بده‌ن، له دانانی كۆلێژ و كردنه‌وه‌ی زانكۆ‌و قوتابخانه و باخچه‌ی ساوایان.
هه‌روه‌ها به‌پێویستی زانی له‌ڕووی خوێندن و پێداویستیه‌كانی په‌روه‌رده هاوكاری ئاواره‌كانی ناوكهمپهكان بكرێت چونكه حكومه‌تی هه‌رێم به‌هۆی فشاری ئابوری و گه‌مارۆكانی حكومه‌تی ناوه‌ند روبه‌ڕووی قه‌یرانی دارایی بۆته‌وه.
له‌ناو قوتابیه سه‌ركه‌وتووه‌كان رێژه‌ی كچان له كوڕان زیاتربوو. ئه‌وه‌ش وایكرد نێچیرڤان بارزانی گوتی: "جێی شانازیه كچان پێش كوڕان كه‌وتوون زۆر به‌وه دڵخۆشم."
قوتابیه سه‌ركه‌وتووه‌كانی قۆناغی ئاماده‌یی له هه‌رێمی كوردستان بریتی بوون له سی و هه‌شت قوتابی.
یه‌كه‌مه‌كانی ئاستی هه‌رێم - شه‌ش قوتابی.
یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی عێراق - یه‌ك قوتابی.
دووه‌مه‌كان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم - سێ قوتابی.
سێیه‌مه‌كان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم - شه‌ش قوتابی.
یه‌كه‌مه‌كان له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكان - یانزه قوتابی.
یه‌كه‌مه‌كانی ئاماده‌ییه پیشه‌ییه‌كانی پارێزگاكان - یانزه قوتابی.