Mazın Asad
23 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 25 ئادار 2016
ئەنقەرە
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "یەکێک لە ھێرشبەرانی رووداوەکەی برۆکسل لە حوزەیرانی ٢٠١٥ لە شاری عەنتاب دەستگیر و سنوورداش کرابوو، بەڵام بەلجیکا ناوبراوی ئازاد کرد. سەرەڕای ھۆشداری ئێمە کە ئەوان شەڕکەری بیانین، کەچی بەلجیکا نەیسەلماند کە پەیوەندییان بە تیرۆرەوە ھەیە".
ئەردۆغان لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار، کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانی لەگەڵ سەرکۆماری رۆمانیا، کلاوس ئیۆھانیس ساز کرد.
سەرکۆماری تورکیا گوتی: "دڵنیام ئەگەر سیاسەتی جیھانی بڕیار بدات کە رووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە، ئەو ئەم کارە چارەسەر دەبێت. بۆیە پێویستە سەرلەنوێ جیھان تیرۆر و تیرۆریست و تیرۆریزم پێناسە بکاتەوە".
ئەردۆغان تیشکی خستە سەر ھێرشە تیرۆریستییەکانی برۆکسل و گوتی: "یەکێک لە ھێرشبەرانی رووداوەکەی برۆکسل لە حوزەیرانی ٢٠١٥ لە شاری عەنتاب دەستگیر و سنوورداش کرابوو. کاری سنوورداشکردنی ناوبراو لە ١٤ی تەمووزی ٢٠١٥ بە باڵیۆزی بەلجیکا لە تورکیا راگەیەندرابوو، بەڵام بەلجیکا ناوبراوی ئازاد کرد. سەرەڕای ھۆشداری ئێمە کە ئەوان شەڕکەری بیانین، کەچی بەلجیکا نەیسەلماند کە پەیوەندییان بە تیرۆرەوە ھەیە. ھاوکات ھۆڵەنداش جێگەی باسە، کە لەسەر داوای ناوبراو رادەستی ھۆڵەندامان کرد و ھۆشداریمان پێیان دا. لەوبارەیەوە بە تایبەتی جەخت لەسەر ھەستیاری وڵاتەکەم دەکەمەوە".
لە لایەکی ترەوە راگەیەندراوە کە ناوی ئەنجامدەری ھێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی برۆکسل ئیبراھیم ئەلبەکراوییە و تورکیا پێشتر سنوورداشی کردووەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دەست کەوتوون، ئەلبەکراوی لە حوزەیرانی ساڵی رابردوو لە شاری عەنتاب دەستگیر کرا و لە مانگی تەمووزی ساڵی رابردووش بە بڕیارێکی ئیداری بە ویستی خۆی دیپۆرتی ھۆڵەندا کرا. لەکاتی دیپۆرتکردنی ناوبراو، تورکیا ھۆشداری لەبارەیەوە ھەم بە ھۆڵەندا و ھەمیش بە بەلجیکا راگەیاندووە کە شەڕکەری بیانییە، بەڵام بەھۆی ئەوەی بەلجیکا نەیسەلماند ئەلبەکراوی پەیوەندییان بە تیرۆرەوە ھەیە، ئازادی کرد.