Muhammet Ali Kemal
23 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2016
تاران
ئەوە راگەیەنرا کە یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بەناوی موقەدەم ماندەنی لە سووریا کوژراوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی نیمچە فەرمی ئەهلی بەیت (ABNA) کە بنکەکەی لە شاری قومی ئێرانە، موقەدەم ماندەنی لە پێکدادانێکدا لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا کوژراوە.
تەرمی ماندەنی رۆژی پێنجشەممە لە شارۆچکەی سەپیدانی سەربە پارێزگای فارس لە رێورەسمێکدا بەخاک دەسپێردرێت.
لە کاتێکدا حکوومەتی تاران هاوکاریی رژێمی سەرۆکی سووریا بەشار ئەسەد دەکات و سەربازانی ئێرانی لە دژی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەجەنگدان، شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە پێی ناوەتە ساڵی شەشەمییەوە و بە ملیۆنەها مرۆڤ ناچاربوون ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن. ئەمە جگە لەوەی لەسەر ئاستی فەرمی حکوومەتی ئێران رەتیدەکاتەوە کە دەستی وەردابێتە شەڕەکانی ناو سووریا و ئەو کەسانەشی کە هاووڵاتی ئێرانین و لە پێکدادانەکاندا دەکوژرێن بە ''خۆبەخشەکان'' ناویان دەبات.
لەپاڵ ئەمانەدا ئەندامە کوژراوەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە سووریا بە ''خانەنشین''، ''سەربازی پێشوو'' یان بە ''راوێژکار'' ناودەبات و ئەم هەڵوێستەشی وەک خۆ پەڕاندنەوە لە تۆمەتبارکردنی بە پێشکەشکردنی هاوکاری بە رژێمی ئەسەد لێکدەدرێتەوە.
لە سووریا لە پێکدادانەکانی مانگی رابردوودا ١٥ ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کوژراون کە هەریەک لە جەنەراڵ حەسەن عەلی شەمسابادی و لیوا حەمزە کازمییان تێدا بووە.