Mazın Asad,Abdullah Shukur
15 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 16 مای,س 2017
ئەنقەرە - AA
کۆبوونەوەی سبەی نێوان سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ خاوەن گرنگییەکی زۆرە. ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیاری چاوخشاندنەوە بە بڕیاری پڕچەککردنی یەپەگە و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رەققە بێ بەشداری یەپەگە، بە ترەمپ دەکات.
ئەردۆغان ئەمڕۆ بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت کە وا بڕیارە سبەی لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە. کۆبوونەوەکە بێجگە لە لایەن میدیاکانی ئەمریکا و تورکیا، ھاوکات لە لایەن میدیاکانی جیھانیش بە گرنگییەوە چاودێری دەکرێت.
ئەردۆغان پێشتر لە روونکردنەوەیەکی لەبارەی سەردانی بۆ ئەمریکا رایگەیاند: "من سەردانەکەم وەک دەستپێکێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا دەبینم. لە ئێستادا بەپێی ئەو زانیارییانەی بۆمان ھاتووە، ھەروەک ھەندێکیان مایەی نیگەرانییە، بەداخەوە زانیاری پێویستیش نەبووە. بۆیە ئینشەڵڵا ئەم سەردانە دەبێتە دەستپێکێکی نوێ. دواتر ھەڵسەنگاندنی لەسەر ئەمانە زۆر ئاسان و واقیعانە دەبێت".
ئەردۆغان ھەروەھا گوتبووی: "ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ بەرێز ترەمپ لە ئاستی باڵا کۆببینەوە و ئەمەش لەسەر بنەمای دانانی خاڵی کۆتا لەسەر چەند پرسێک دەبێ. لەم رووەوەش ئەم کۆبوونەوانە زۆر گرنگن. پێشتر ئەمریکا چەند کارێکی ئەنجامداوە، لەمانەش پڕچەککردنی یەپەگەیە. ئەمەش تەنھا پێدانی چەکی سووک و قورس ناگرێتەوە. گشت بەڵگەنامەکانمان لەدەستە و ئەمانیش قبوڵی ئەمە دەکەن. بە دڵنیایەوە ئەم پێشھاتانە زیان بە ھاوپەیمانێتی ستراتیژی نێوان ئێمە ئەمریکا دەدات. ئێمە ھیوا ناخوازین ئەم شتانە رووبدەن، گشت ئەم پرسانەش تاوتوێ دەکەین".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەوەش کردبووەوە کە گشت ئەم پرسانە لەگەڵ ترەمپ تاوتوێ دەکەن. لەمبارەیەوە گوتبووشی: "ھەمیشە گوتوومە و ئێستاش دەیڵێم، من پێموایە لەناوبردنی رێکخراوێکی تیرۆریستی بە بەکارھێنانی رێکخراوێکی تیرۆریستی دیکە سیاسەتێکی راست و خوازراو نییە".