Mazın Asad
29 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی رێوڕەسمی کۆمەڵە پرۆژەیەکی وەزارەتی دارستانی تورکیا، لە ناوەندی کولتوور و کۆنگرەی میللەت لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان رایگەیاند: "لە پێشتردا پرۆژە گەورەکانی وەک ژێرخانی گەورە و بەنداو لە لایەن کۆمپانیا بیانی و بەڵێندەر بیانییەکانەوە ئەنجام دەدرا. چونکە لە وڵاتماندا لەو بارەیەوە زانیارییەکی ئەوتۆ نەبوو. ئێمە لەمەشدا ھاوشێوەی کارەکانی ترماندا، تێڕوانینی ناوخۆیی و میللیمان کردە کاری لەپێشینە لە وەبەرھێنانی ژێرخانەکاندا. تێگەیشتی کەمال".
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی دەنگۆکانی کڵچدارئۆغڵو، گوتی: ''کڵچدارئۆغڵو، ببیستە، ببیستە. گوێچکەت ھەیە، بەڵام ناتوانیت ببیستیت، چاوت ھەیە، بەڵام ناتوانیت ببینیت، دەم و زمانت ھەیە و ناتوانیت باسی راستی و ماف بکەیت. ئەم دەسەڵاتە کارێکی کرد کە تورکیایەکی پێویستی بە پێنج سەنت بوو، ئێستا تێکڕا ساڵانە ١٣ ملیار دۆلار وەبەرھێنانی راستەوخۆی نێودەوڵەتی تیادا دەکرێت''.
ئەردۆغان گوتیشی: ''(کلچدارئۆغڵو) ماوەیەک سەبارەت بە من دەیگوت کە 'ھەژماری لە سویسرا ھەیە'. کاتێک کە بانگێشتم کرد بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت، نەیتوانی بەڵگەکان بخاتەڕوو، رەزیل و ریسوا بوو. بەروون و ئاشکرا پێم گوت 'بیسەلمێنە من واز لەم پۆستە دەھێنم، واز لە سەرۆکایەتی حکوومەت دەھێنم'. بەڵگەی نەبوو. ئێستاش ئەمجارە ھەمان شت دەڵێتەوە. پێم گوت 'بیسەلمێنە، ئەگەر سەلماندت ئەوا واز لە سەرۆکایەتی کۆمار و واز لە سیاسەت دەھێنم'. بەڵام تۆش واز لەوە بێنە لە بوویت بە بەڵای سەرۆکی جەھەپە، واز لە بەڵابوون بەسەر ئەم گەلەوە بھێنە''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بەشێکی قسەکانیدا گوتیشی: "لە دەستپێکی بوونم بە سەرکۆمار، چەندین درۆ و دەلەسە بە چەندین مانگ لەسەر زمانی بوو، ھەر لە رەش کردنی ئەم ئاسەوارە تا دەگاتە دەنگۆی تەوالێتی ئاڵتونی. دەرکەوت کە ھیچ کام لەو دەنگۆیانە راست نیین، سەرەڕای ئەوە داوای لێبووردنی نەکرد. بێ ویژدانێتی وەھا چۆن دەبێت، باس لە تەوالێتی ئاڵتونی دەکەیت، ئەگەر راستت دەکرد دەھاتیت کە بانگھێشتم کردی، گوتم وەرە سەیر بکە بزانم توالێت ھەیە لە ئاڵتون دروست کرابێت".
لە درێژەی کاردانەوەکانی بەرامبەر بە کڵچدارئۆغڵو، ئەردۆغان رایگەیاند: "(کڵچدارئۆغڵو) دوێنێ لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا دووبارە کۆمەڵێک قەسەی کرد 'ئەو کەسە ئەوەندە ملیۆن دۆلاری رەوانەی کۆمپانیایەک کردووە لە دەرەوەی وڵات، ئەو کەسە ئەوەندە ملیۆن دۆلاری رەوانە کردووە'. پارچەیەک کاغەزی بە دەستەوە بادەدا و گوتی 'ئەوەتا ئەوە وەسڵەکانە'. بەدڵنیاییەوە ئەو کاغەزانەی دەیگوت وەسڵن نە دای بە رۆژنامەنووسان وە نە بە دادوەر. دەستبەجێ پارێزەران پێیان گوت 'تکایە لەو بارەیەوە بیدەنە دەست داواکاری گشتیی، بیدەنە میدیاکان'. لە ئێستادا تەنھا خۆی و ئەوانەی گەیاندویانەتە دەستی دەزانن ئەو کاغەزانە چین".
سەرکۆماری تورکیا سەبارەت بە سەرۆکی گشتیی جەھەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو، گوتیشی: "ئەو جەھەپەیەی بە ھۆی ئەو کەسەی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی کردووەتە شانۆیەکی کۆمیدیا، ئەو پارتە ونە. ھیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتێکی وەک تورکیا بەم دۆخە بگەیەنێت".
ئەردۆغان گوتیشی: "(کەمال کڵچدارئۆغڵو) ئەم زاتە ھێندە درۆ و ساختەکاری و ھەڵەی ھەیە، نازانین کە کامیان باس بکەین. ئەمە پێی ناگوترێت سیاسەت. ئەمە ناوی ئۆپۆزسیۆن نییە، ئەمە مرۆڤایەتیش نییە. ئەمە ناوی... با زیاتر نەڕۆم. چیتر ناکرێت ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی ئەم بارە ھەڵگرێت، نابێت ھەڵی گرێت. چونکە ئەمە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی نییە ناپاکی سەرەکییە".
سەرکۆماری تورکیا لە درێژەی قسەکانیدا بەرامبەر بە کڵچدارئۆغڵو رایگەیاند: ''ئەم کەسە بە خێرایی بەرەو زبڵدانی سیاسەت خلدەبێتەوە. گەلەکەمان لە کورتترین ماوەدا ئەم دوایین نوێنەرەی عەقڵییەتی سیاسیی تورکیای کۆن بەرەو ئەو شوێنە رەوانە دەکات کە شایەنییەتی. ھیچ نیگەرانییەکم لەوبارەیەوە نییە''. ھەر لەبارەی بانگەشەکانی سەرۆکی گشتیی جەھەپە کڵچدارئۆغڵو، سەرکۆماری تورکیا گوتی: "ئەو پێنج کەسە ھەرگیز پارەیان بۆ ئەو کۆمپانیایە یان ئەو شوێنە نەناردووە کە ئەو باسی کرد. تەواو بە پێچەوانەوە، بەھۆی فرۆشتنی کۆمپانیاکانیان پارەیان بۆ ھاتووە، پارە نەچووە بۆ ئەوێ".
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: ''ئەو کەسەی کە باسی دەکات وەک بەرێوەبەری پێشووی قەڵەمی تایبەتی من، ھیچ کاتێک بەڕێوەبەری قەڵەمی تایبەتی من نەبووە. ئایا درۆیەکی لەوشێوەیە رێگەی تێدەچێت؟ ئەگەر زەڕڕەیەک کەسایەتیت ھەبێت، ئەوا دەیسەلمێنیت کە موستەفا گوندۆغان چ کاتێک کە من سەرۆکی شارەوانی بووم بەڕێوەبەری قەڵەمی تایبەتیی من بووە. ئەگەر ناشیسەلمێنێت، ئەوا لەو شوێنەدا مەمێنە و بڕۆ''.
سەرکۆماری تورکیا لە کاردانەوەکانی بەرامبەر بە کڵچدارئۆغڵو ھەروەھا گوتی: "خۆی بەچیەوە سەرقاڵکردووە، ئەو پارەیەی بۆ سوورییەکان خەرج کراوە. مادەم ئەوەنە خەمتە، با پێت بڵێم. تورکیا لەرێی ئافادەوە بە کاش ٢.٣ ملیار دۆلار، لەرێی خزمەتگوزاری شارەوانییەکانەوە ٦ ملیار دۆلار، لەرێی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە ١.٢ ملیار دۆلاری ی بۆ سوورییەکان خەرج کردووە. جگە لەمە لەناو سنوورەکانماندا و لە دەرەوەی سنوورەکانیش، خزمەتەکانمان لەرووی تەندروستی و پەروەردەییەوە بێسنوور بوون".
ئەردۆغان گوتیشی: ''ھەموو ئەو برایانەم، زاواکەم، خەسوو خەزوورم و ئەوانی دیکە کە ناویان ھاتووە لە ئاستی باڵاوە سکاڵای خۆیان تۆمار دەکەن و بەرێگەی یاسایی بەدواداچوونی خۆیان دەکەن و یەخەی ئەم کابرایە بەرنادەن. لە دادگا ئەم مافە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و منیش دووبارە سکاڵایەکی دیکەی لەسەر تۆماردەکەم. بەدوای ئەوەوە دەبم کە بەرێگەی یاسایی بەشوێن ئەم مافەمەوە بم''.
ھەر لەبارەی دەنگۆکانی کڵچدارئۆغڵو، سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تیەب ئەردۆغان گوتی: "تەنیا لەرێگەی دەزگا گشتییەکانەوە، لەرێگەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە یارمەتی سوورییەکان نادەین، گەورەترین یارمەتی لە لایەن میللەتەوە دەدرێت. ئەو کەسە دڵخوازانەی ناویان تۆمار نەکراوە لەگەڵ دەزگاکاندا. ئەگەر ھەمووی کۆبکەیتەوە لەسەر ستانداردی نێودەوڵەتی، نزیکەی ٣٠ ملیار دۆلار یارمەتی دراوە. ھەموو ئەم ژمارانە لەرێگەی ئافاد، وەزارەتی دارایی، و دەزگاکانی دیکەوە راگەیەنراون، واتە تەنیا لەخۆوە نییە".