ئەنقەرە
گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەفین دزەیی لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەوانەکەدا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ یاریدەدەری بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی جەهەپە موراد ئۆزچەلیك، رایگەیاند کە ئەوان خوازیار بوون سەردانی دۆستێکی دێرینیان بکەن کە ئێستا بووەتە پەرلەمانتار و هاوکات باسیان لە دۆخی عێراقیش کردووە.
لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەت لە تورکیا، دزەیی ئاماژەی بەوە دا کە ئەوە پرسێکی نێوخۆیی تورکیایە و هیوای خواست کە بەم نزیکانە حکوومەتێک پێک بێت کە خزمەت بە سیاسەتی دەرەوە و نێوخۆی ئەو وڵاتە بکات.
لەبارەی پرسیارێکی رۆژنامەنووسانەوە لەسەر کۆبانێ و پەیوەندی سەردانەکەیان بە هێرشەکانی کۆبانێوە، دزەیی ئاماژەی بەوە دا کە سەردانەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشەکانی کۆبانێوە نییە و گوتی: "هێرشەکانی داعش بەردەوامیان هەیە. ئەمە هەڕەشەیێکە بۆ سەر هەموان، کۆبانێ، تەلئەبیەز، دواتر دیسان کۆبانێ. ئێمە خۆمان نزیکەی ساڵێکە بەرەیەکمان لەشەر لەگەڵ داعشدا هەیە. بۆیە دەبێت هەموو لایەک خۆی بکاتە خاوەنی ئەم شەڕە. هەتا ئەمڕۆ لەگەڵ تورکیا هاریکارییەکمان هەبوو. ئەمریکا و ئەورووپا و هاوپەیمانانیش خۆیان کردووەتە خاونی پرسەکە".
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا دەربارەی ئەوەی ئایا پێشمەرگە هیچ هاوکارییەک رەوانەی کۆبانێ دەکات، دزەیی ئاماژەی بەوە دا کە هەتا ئێستا پرسێکی لەو چەشنە لە رۆژەڤیاندا نییە.
سەبارەت بەوەی کە ئایا هیچ کۆبوونەوەیەکی فەرمی لە ئەنقەرە لەگەڵ بەرپرساندا ئەنجام دەدات، سەفین دزەیی ئاماژەی دا کە ئەمشەو دەگەڕێتەوە هەرێم و تەنیا لەگەڵ راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی تورکیا فەرەیدون سینیرلیئۆغڵو کۆبوونەوەیەکی ئەنجام داوە. لەبارەی ئەوەی کە ئایا پەیەدە خوازیاری چییە لەبارەی دۆسیەی کوردەوە بەتایبەت لەهەندێک ناوچە باس لە پاکتاوی رەگەزی بەرامبەر عەرەب و تورکمان دەکرێت، دزەیی وەڵامی دایەوە: "دەنگۆی وا هەیە بەڵام پەیەدە رەتی دەکاتەوە. تەواوی تورکمان و عەرەب و کورد و مەسیحییە رەسەنەکانی ئەو ناوچانە مافی ئەوەیان هەیە لەوێ بژین، هەر کەسێک لەوێ دەسەڵاتی بەدەست بێت، دەبێت ماڵ و موڵک و سامانی ئەوانە بپارێزێت و لەوبارەیەوە پەیەدە ئەرکێکی گەورەی دەکەوێتە سەرشان. ئێستا ئەو شوێنانەی کە پەیەدە کۆنترۆڵی کردوون بەشێکن لە خاکی سووریا. ئێمە وەک کوردەکانی عێراق، بەرپرسیاری هەرێمی کوردستانی عێراقین بەڵام هەمیشە خۆمان بە خاوەن و پارێزەری مافی کوردەکانی سووریا زانیوە و پشتگیریشیان دەکەین ئیتر چۆن و بە چ ئالیەتێک داهاتووی خۆیان دابین دەکەن، ئەوە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە".
لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی تورکیا فەرەیدون سینیرلیئۆغڵو، سەفین دزەیی ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە دۆخی عێراق و هەولێر و ئەنقەرە کردووە و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا پرسێکی تری کۆبوونەوەکەیان بووە، بەتایبەت کە ئێستا دۆخی عێراق روون نییە و داعش هەر رۆژە و هێرش دەکاتە سەر ناوچەیەک.
لە وەڵامی پرسیارێکی تری رۆژنامەنووساندا کە ئایا هەتا ئەمڕۆ تورکیا راهێنانی بەچەند پێشمەرگە کردووە؟ دزەیی گوتی: "هەتا ئێستا وڵاتانی ئەورووپا، کەنەدا، ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هەر وڵاتەی هاتووە راهێنانی لەسەر چەکەکانی خۆی بە پێشمەرگە کردووە، تورکیاش بەژمارەیەکی جیاواز، دوو ناوەندی مەشقی هەیە. یەکێکیان لە سۆران و ئەویتر لە سلێمانی کە ناوەندێکی مەشقی سەرکەوتوون".
لە وەڵامی پرسیارێکی تردا کە ئایا تورکیا چەک رەوانەی پێشمەرگە دەکات؟ سەفین دزەیی رایگەیاند: "مانگی ئابی رابردوو لە هێرشەکانی داعشدا تورکیا هاریکاری چەک و تەقەمەنی کردوون، بەس بەچەکی قورس نا بەڵکو چەکی سووک و تەقەمەنی رەوانە کردووە".