Mazın Asad
17 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2018
ئەنقەرە - AA
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، بەکر بۆزداغ دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران روونکردنەوەیەکی دا.
بۆزداغ لەبارەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازیی لە شاری ئیسپارتا، رایگەیاند: "لەبارەی رووداوەکە لێکۆڵینەوەی یاسایی و کارگێری دەستی پێکردووە".
گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا لەبارەی درێژکردنەوەی باری نائاسایی گوتی: "ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پێشنیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ھەڵسەنگاندنی بۆ درێژکردنەوەی باری نائاسایشی بۆ سێ مانگی دیکە کردووە و بەم پێیەش باری نائاسایی لە ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ بەولاوە بۆ سێ مانگی دیکە درێژ دەکرێتەوە، لەمبارەیەوە پەروای پێویست رەوانەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە. لە ئەنجامی کۆبوونەوەی پەرلەمان و دەرکردنی بڕیاری پێویست لەمبارەیەوە، باری نائاسایی بۆ سێ مانگی دیکە درێژ دەکرێتەوە".
بەکر بۆزداغ سەبارەت بە پلانی پێکھێنانی 'ھێزی ئاسایشی سنوور' لە سووریا لە لایەن ئەمریکاوە گوتی: "کاتێک مانەوەی گەلی تورک و دەوڵەتی تورکیا دەبێتە جێگەی باس، بەمەبەستی لەناوبردنی مەترسییەکان و ھەڕەشەکان بە بێ دوودڵی ھەنگاوی پێویست دەنێت".
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا لەبارەی ھاوکاری ئەمریکا بە پێدانی چەک بە یەپەگە گوتی: "تورکیا گەیشتووەتە کۆتا خاڵی ئارامی خۆی. ھەر ھەنگاوێک پێویست بێ تورکیا پێداگرە لە ھاویشتنی ئەم ھەنگاوانە. تورکیا، گەل و دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەو ھەنگاوانەی کە دەیانھاوێژێت پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەت لە کەس نییە".
بەکر بۆزداغ ھەروەھا گوتی: "دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە ئەوەی ئەمریکا لەبارەی پێشھاتەکانی سووریا بە زارەکی بە ئێمەی گوتووە و لەگەڵ ئەو کارانەی لە گۆڕەپانی ناوچەکە ئەنجامی دەدات زۆر لێک دوورن. دووبارە بانگھێشتی ئەوە دەکەین، وەرگرتنەوەی ئەو چەکانەی کە بە پەیەدە/یەپەگە دراوە کە باڵێکی پەکەکەیە، گرنگە. زۆر گرنگە کە ئەو چەکانەی کە ئەمریکا بە پەیەدە/یەپەگەی دواە، وەربگیرێتەوە. پێویستە واز بھێنێت لە دروستکردنی رێڕەوێکی تیرۆریستی و ھەوڵی پێکھێنانی سوپایەکی تیرۆریستی".
گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا لە بەشێکی قسەکانیدا لەبارەی یاساکانی گونجاندن رایگەیاند: "کاتێک بە گوێرەی زنجیرەی سەرەتا و دواتری سەیری دەکرێت، کارێکی پێشینەییان ھەیە لە رووی دەستوور بەھۆی ھەڵبژاردن لە نێوان یاساکانی ھەڵبژاردن و یاسای پارتە سیاسییەکان. بۆیە پێویستە گۆڕانکاری بکرێت لە یاساکانی وەک یاسای ھەڵبژاردنی خۆجێی، یاساکانی دیکەی ھەڵبژاردن و یاسای پارتە سیاسییەکان پێش مانگی ئادار لە پەرلەمان تێپەڕ بێت".