Sertaç Bulur
28 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2021
ئەنقەرە - AA
تیمەکانی بەڕێوبەرایەتی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سەربە بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی ئەنقەرە لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکدا پێنج گومانلێکراویان دەستبەسەر کرد کە تۆمەتبارن بە دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی داعش.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵ نوێ هەوڵەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی زیادیان کردووە، هەربۆیە هەوڵی هێزە ئەمنییەکان بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی پەیوەندییان لەگەڵ رێکخراوەکە هەیە یاخود لە رابردوودا چالاکییان بۆ ئەنجامداوە، قوڵتربوونەتەوە.
لەم نێوەندەشدا سەرۆکایەتی داواکاریی گشتیی ئەنقەرە دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەی نوێی بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە کردەوە و لە میانی دۆسیەکەدا، لێکۆڵینەوە لە بڵاوکراوە و پەیوەندییەکانی چەند گومانلێکراوێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کرا و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ پێنج گومانلێکراو دەرکرا کە سیانیان هاووڵاتی تورکیا و دووانیان هاووڵاتی بیانی بوون.
دواتر تیمەکانی سەربە بەڕێوبەرایەتی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ئەنقەرە لە ئۆپەراسیۆنێکدا، هەر پێنج تۆمەتبارەکەیان دەستگیر کرد.
دەستگیرکراوەکان دوای پشکنینی پزیشکیی، بۆ وەرگرتنی ئیفادە لێیان برانە بەڕێوبەرایەتی ئاسایش.