ئەنقەرە
سەرۆکی پارتی نەتەوە پەرەستی تورکیا-مەھەپە دەوڵەت باخچەلی، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: پێویستە سەرۆکوەزیرانی تورکیا پێش ئەوەی خۆی سەرقاڵی یەزیدەکەی سوریا بکا، با خۆی سەرقاڵی یەزیدەکانی ئیمراڵی و قەندیل بکات.
باخچەلی گوتی: "سەرۆکوەزیران پێشتر بە ئەسەدی دەگوت برای خۆم، بەڵام ئەمڕۆ پێی دەڵێ یەزید. دوێنێ بە ھەندێکی دەگوت لە نێو ئەو خوێنەیدا کە دەڕژێنێن نۆغرۆ دەبین، کەچی دەبینی ئەمڕۆ لەگەڵیاندا باسی چارەسەری و ئاشتی دەکات، ئەمە ھەڵوێستێکی چۆنە؟ عەقڵ و ھۆشی سەرۆکوەزیران چۆن دەتوانێ ئەو ھەڵوێستە ناکۆکانە جێ بکاتەوە؟"
باخچەلی رایگەیاند: "تورکیا لە سەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی رووبەرووی مەترسی و دەستدرێژیی بووەتەوە، ئەو ناکۆکییانە کە لە وڵاتانی دەراوسێدا لە ئارادان لە تورکیاوە ھەناردە کراون، شەڕ و پێکدادان لە باکووری ئەفریقا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، تورکیایان دەورپێچ کردووە. ھەڵوێستی ئەردۆغان و حکومەتەکەی لە بەرامبەر رووداوەکانی ناوچەکەدا دژی بەرەژوەندیی نەتەوەیی تورکیایە. ئەردۆغان لە پێناو دژایەتیکردنی ئەسەددا وەکو کەوچکی لە شیر دەرکراو سەیری گروپ و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن دەکا. بە پێی بیروڕای ئەردۆغان بەشار ئەسەد پیاوکوژە بەڵام ئەوانەی کە گۆشتی مرۆڤ دەخۆن بێ تاوانن."
باخچەلی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "ئەوەی زۆر نیگەرانمان دەکا ھاوکاریی و پشتگیریی کردنە لە چەکدارانی توندڕەو لە سوریا. حکومەت لەگەڵ ئەلقاعیدە، بەرەی نوسرە و پەیەدە و ھێزەکانی دیکەدایە چونکە لە دژی رژیمی ئەسەدن. لە سوریا حکومەتی تورکیا پشتگیریی لە پیاوکوژە بەکرێگراوەکان دەکا ئەمە لە کاتێکدایە برا تورکمانەکانمان دەکوژرێن، ماڵیان وێران دەکرێ حکومەتی تورکیا ھیچ جۆرە ھەڵوێستێکی نییە. کاتێ ھێرش بکرێتە سەر تورک و گەلی تورک، حکومەتی تورکیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان بێدەنگ دەبن و ئەم بێدەنگییە بووەتە نەریتێکی سیاسەتی ئەردۆغان."
باخچەلی ھەروەھا گوتی: "ئەردۆغان دەڵێ من ھەمیشە ھەڵوێستی خۆم نیشانداوە و لە ھیچ بوارێکدا بەبێ ھەڵوێست نەبووم، لە کاتێکدا کە پیلان بۆ پارچە کردنی تورکیا لە سەر ٣٦ گروپی ئەتنیکی ئامادە دەکرێ، ئەردۆغانیش پشتگیریی لەو پیلانە دەکا. لەگەڵ پیاوکوژەکەی ئیمراڵیدا دەستی بە گفتوگۆ کردووە و کەوتووەتە سەر رێگای پەکەکە. بووەتە جێبەجێکاری پرۆژەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گەورە لە باکووری ئەفریقا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لە تەرابلوس پشتگیریی لە ناتۆ دەکا، لە رۆما پشتگیریی لە کەنیسەی کاتۆلیک و لە مەدریدیش پشتگیریی لە پەیمانی دیالۆگی شارستانێتییەکان. لە میسر پشتگیریی لە مورسی، لە عێراق بارزانی و لە ئەرمەنستان لە سارکەسیان، لە فەلەستین حەماس، لە ئیگە پشتگیریی لە یۆنان دەکا. لەگەڵ ئەو بێ ئەخلاقانەی کە دەیانەوێ ناسنامەی تورکیایەتی لە ناوبەرن ھەڵسوکەوت دەکا."
باخچەلی گوتی: "پێش چەند رۆژێک ئەردۆغان گوتبووی یەزیدییەکەی شام لە ئاسمان و زەوییەوە مەرگ دەبارێنێ، من دەپرسم ئەرێ ئەو شتەی کە لە بەغدا، کەرکوک، موسڵ، تەلەعفەر، کابوڵ، بەیروت، مەقادیشو، سەنعا و نایرۆبیدا دەبارێ چییە؟ ئەو کەسانەی کە ئەو شتانە دەبارێنن کێن؟ ئایا زانیاریی لە بارەی ئەو کەسانەوە کە رووی چەکەکانیان لە جیھانی ئیسلام و تورکیا کردووە نییە؟ تا ئێستە ھیچ رووبەروویان نەبووەتەوە؟"
باخچەلی گوتی: "بێجگە لەمانە، ئایا ئەوانە کێن کە بە ساڵانە لە قاتۆ، قەندیل، جودی، ھەکاری، شرنەخ، دیاربەکر، بینگۆل و لە ئەنقەرە سەربازەکانی ئێمە دەکوژن؟ پێویستە سەرۆکوەزیرانی تورکیا پێش ئەوەی باسی یەزیدەکەی شام بکا باسی یەزیدەکانی ئیمراڵی و قەندیل بکا. ئەوانەی کە ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی تورکیا پێیان دەڵێ یەزید پێشتر برا و ھاوپەیمانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوون."
news_share_descriptionsubscription_contact



