Ramal Mahmood
09 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2016
قۆنیا - AA
لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی قۆنیا لە رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ/پێکهاتەی دەوڵەتی هاوتەریب، لەئۆپەراسیۆنێکدا کە ناوەندەکەی لە قۆنیایە و لە هەشت پارێزگا ئەنجامدەدرێت، بڕیاری دەستگیرکردنی ٥٥ فڕۆکەوانی دەرکرد کە ٥٤ کەسیان پلەیان ئەفسەری یەکەمە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی قۆنیا بەردەوامە لە چالاکییەکانی بۆ لێکۆڵینەوە لەو کەسانەی کە ئەندامن یاخود پەیوەندییان هەیە لەگەڵ فەتۆ. لەو میانەدا سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە کارمەندان و فەرمانبەرانی سوپای تورکیا بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکانی "پێشێلکردنی دەستوور"، "هەوڵدان بۆ ئاستەنگ خستنە بەر دامەزراوە یاساییەکان"، "راپەڕین دژی حکوومەت"، "ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستی".
دوای کۆکردنەوەی دۆسیە و بەڵگەنامەکان ئەو کەسانە دەستنیشانکران کە رۆڵی گرنگییان گێڕاوە لە رێکخراوەکەدا.
زانراوە لەئاکامی ئۆپەراسیۆنێکدا کە ناوەندەکەی لە قۆنیایە و لە هەشت پارێزگا ئەنجامدەدرێت، بڕیاری دەستگیرکردنی ٥٥ فڕۆکەوان کە پلەی ٥٤یان ئەفسەری یەکەمە و فڕۆکەوانەکەی دیکە کە پلەکەی موقەدەمە، دەرکرد.
ئاماژە بەوە دراوە کە بڕیاری دەستگیرکردن بۆ پێنج کەس لە قۆنیا، ١٨ کەس لە ئەنقەرە، ١٦ کەس لە ئیزمیر، پێنج کەس لە ئیستانبوڵ، سێ کەس لە قەیسەری، سێ کەس لە ئەسکیشەهیر، چوار کەس لە باڵکئەسیر، یەک کەسیش لە ئادانا دەرچووە و حەوت گومانلێکراویان پێشتر لە ریزەکانی سوپا دوورخراونەتەوە.
دوای دەستگیرکردنیان، گومانلێکراوان دەبردرێنە قۆنیا.
دۆسیەی لێکۆڵینەوەکان جێی سەرنجن. زانراوە کە لە فێرگەی جەنگی ئاسمانی سەرەڕای نا فەرمی بوونی فێرخوازانی دوا قۆناغ و فێرخوازە دەرچووەکانی ئەندامی فەتۆ لە دەرەوەی مەشق و راهێنانی ئاسایی و دیاریکراو لە ژێرناوی (دەرفەتی راهێنان) راهێنانی زیادەیان بە فێرخوازانی نوێ و ئەو فێرخوازانەی ئەندامی رێکخراوەکەیان نین کردووە و گوشاریان خستوونەتە سەر. لە کاتژمێرەکانی پشوودانی فێرخوازە نوێکان راهێنانی وەک "شناو پێکردن، قاچ بەرزکردنەوە بەرەو ئاسمان، پاڵکەوتن و هەڵستان، دانیشتن و هەڵستان، سووڕانەوە بە دەوری خۆدا" پێکراوە، بەهۆی قورسی و زەحمەتی راهێنانەکان بەشێک لە فێرخوازان فێرگەکەیان بەجێ هێشتووە.
ئەو قوتابیانەیش کە نەچوونەتە ژێرباری رێکخراوی فەتۆ، رێگەیان پێنەدراوە بەشداری لە راهێنانەکانی فڕۆکەوانیدا بکەن و تەنانەت لە کاتی ئامادەکردنی فڕۆکەی جۆری F-16دا، بەڵام ئەو فێرخوازانەی پابەندبوون بە فەرمانەکانی فەتۆ هەموو کارئاسانییەکیان بۆ کراوە و لە دۆخی ئامادەنەبوونی فڕۆکەیشدا دەرفەتی راهێنانی فرۆکەوانیان بۆ رێکخراوە.
فڕۆکەوانێکی گومانلێکراو کە لە ئۆپەراسیۆنی قۆناغی پێشوودا دەستگیرکراوە لەبارەی گوشارەکانی رێکخراوی فەتۆ لەکاتی ئیفادە دانی گوتبووی: "راپۆرتێکیان نووسی بەهۆی ئەوەی گوایە لە دڵمدا کێشەیەک هەیە. دوای پشکنینی ورد لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت دەرکەوت هیچ کێشەیەک لە دڵمدا نییە. راپۆرتە پزیشکییەکەم لە نەخۆشخانەوە هێنا بۆ فێرگە. لە فێرگە پێیان گوتم لەنەخۆشخانەکە وەک فڕۆکەوانێک پشکنینیان بۆ نەکردیوویت. ئەو راپۆرتە پزیشکییە راست نییە. بەم هۆیەوە مافی راهێنانی فڕۆکەوانیم لەدەست چوو".
ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەو فڕۆکەوانانەی کە سەڵتن و ئەندامی رێکخراوەکەن لەسەدا ٢٠ی مووچەکانیان و ئەو فڕۆکەوانانەیش کە خێزاندارن لەسەدا ١٠ی مووچەکانیان بەناوی یارمەتی بۆ رێکخراو لێ دەستێنن.