Gökçe Karaköse,Zahir Sofuoğlu
01 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2025
ئیستانبوڵ ــ AA
سەرۆکی دەستەی ئەمینداری دامەزراوەی بڵاوکردنەوەی زانست و ئەندامی دەستەی باڵای ڕاوێژکاری TÜGVA، بیلال ئەردۆغان ڕایگەیاند کە غەززە، فەڵەستین وسووریا بە تەنھا نیین و تورکیا بەردەوام دەبێت لە بەرگریی کردن لە مافی ستەملێکراوان.
بیلال ئەردۆغان لە میانی بەشداریکردنی لەو ڕێپێواندا کە ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر داوای "پلاتفۆرمی ئیرادەی نیشتمانیی" لە تورکیا بۆ پاڵپشتیکردن لە فەڵەستین ڕێکخراوە، گوتەیەکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند کە تورکیا ھوشیارە و بەردەوام دەبێت لە بەرگریی کردن لە مافی ستەملێکراوان.

گوتیشی:" نابێت ھیچ کەسێک وا بیر بکاتەوە کە تورکیا نووستووە و موسڵمانان ئەمڕۆ نووستوون. نەخێر، ئێمە خۆڕاگر، زیندووین و بەھێزین، ئێمە ھەموومان پێکەوە لێرەین".
ئاماژەی بەوەشدا: "ئێمە ئەمڕۆ بە توڕەیی، ناڕەزایی، دروشم و بانگەوازەکانمانەوە لێرەین و دەڵێن غەززە، فەڵەستین و سوریا بەتەنھا نیین".
ئەوەشی وەبیرھێنایەوە: "مزگەوتی ئایاسۆفیا دوای دەیان ساڵ کرایەوە، مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا ئازاد کرا، ئێمە ئێستا لە پێناو مزگەوتی ئەقسا لە قودس، لێرەین".

باسی لەوەش کرد، ئیسرائیل قێزەونترین شێوەکانی جینۆسایدی لە فەڵەستین ئەنجامداوە کە لە میانیدا منداڵان، ئافرەتان، بەساڵاچووان، پزیشکان، ڕۆژنامەنووسان، خۆبەخشانی فریاگوزاری و زۆر کەسی دیکەی لە غەززە کوشتووە، ھەروەھا قوتابخانە و مزگەوت و کڵێساکانی کردووەتە ئامانج.
ڕاشیگەیاند: "زۆرێک لە وڵاتانی جیھان ھاوبەشن لە تاوانی دژبە مرۆڤایەتی لە غەززە، چونکە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە پاڵپشتییان پێشکەش بە ئیسرائیل کردووە، ھەروەھا بێدەنگن بەرامبەر بەو تاوانانەی کە ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامیان دەدات".

ھەروەھا بیلال ئەردۆغان گوتی: "کەوا مافەکانی مرۆڤ؟ کوا مافەکانی منداڵ؟ کوا مافەکانی ژنان؟ کوا ئازادی ڕۆژنامەگەریی و ئازادی ڕادەربڕین؟ ھەموو بەھاکانی ڕۆژئاوا لە غەززە مردوون".
جەختی لەوەش کردووە: "بەڵێنی خودا بۆ ستەملێکراون لە فەلەستین بەدی دێت، ھەروەک چۆن لە سووریا بەدیھات و ھەروەک چۆن مزگەوتی ئایاسۆفیا لە کۆت و زنجیرەکانی ئازاد کرا و مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشق لە ستەمی دیکتاتۆرێکی خوێناوی ئازاد کرا، ئێمە لەو باوەڕەداین کە بەم زووانە خۆری ئازادی و دادپەروەریی لە مزگەوتی ئەقسا دەدرەوشێتەوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری ئیستانبوڵ، بە بەشداری ٣٠٨ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەدان ھەزار کەس ڕێپێوان بۆ پاڵپشتیکردن لە فەڵەستین ئەنجامدرا.