ئەنقەرە
سەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتیکی گەلان یاڤوز ئۆنەن، رایگەیاند: "بۆ ھەڵبژاردنی شاروانییەکان ھەدەپە و بەدەپە پێکەوە بەشدار دەبن بەڵام بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمان، بەدەپە ھیچ پاڵێوراوێکی نابێ و ھەمووی پاڵێوراوەکانی لە لایەن ھەدەپەوە دەستنیشان دەکرێن."
یاڤوز ئۆنەن بۆ AA گوتی: "کۆتایی ئەم حەفتەیە یەکەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتیکی گەلان دەبەسترێ. ئێمە وەکو ئەندامانی دامەزرێنەر ساڵێکە ئامادەکاریی پێویستمان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردن کردووە. کاروباری خۆمان لە ٤٧ پارێزگا، قەزا و ناوچە کۆتایی پێھێناوە. بەڵام لە٦١ پارێزگادا تەنیا لە ناوەندی پارێزگاکان ئامادەکاریی پێویست کراوە."
ئۆنەن ھەروەھا گوتی: "لە بەرنامەماندایە تا ساڵی داھاتوو لە ھەمووی پارێزگاکانی تورکیا دامودەزگای پێویستی پارتەکەمان دامەزرێنین. لە پێکھاتەی پارتەکەماندا کۆتای ژنان ٥٠%یە ئەوە یەکێ لەھۆکارەکانی دواکەوتنی ئامادەکاریی بۆ ھەڵبژاردن لە ٨١ پارێزگای تورکیا، لەو ناوچە و قەزایانەی رێژەی ژنان کەم بوون ئامادەکاریی رەت کرانەوە."
ئۆنەن رایگەیاند: "لە یەکەمین کۆنگرەی ھەدەپە کە بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داھاتوو لە ئەنقەرە ساز بکرێ، مەجلیسی پارتی، لیژنەی دیسپلینی پارتی، ھاوسەرۆکەکانی پارتی ھەڵدەبژێردرێن. ٧٥ ئەندامی دامەزرێنەر و ئەو بەڕێوەبەرانەی کە بۆ ناوچە و قەزاکان دەستنیشانکراون ئامادەی کۆنگرە دەبن. سێ پەرلەمانتاری بەدەپە سەباحەت تونجەلی، ئەرتوغروڵ کورکوچو، سڕی سورەیا ئوندەر و پەرلەمانتاری سەربەخۆی بەدەپە لەڤەنت توزەل لە کۆنگرەدا دەبنە ئەندامی پارتی دیموکراتیکی گەلان و لە سەر ناوی ھەدەپە درێژە بە کار و چالاکیی خۆیان لە پەرلەمان دەدەن. ھەدەپە دەیەوێ کەڵک وەرگرێ لە ئەندام پەرلەمانەکانی بۆ بەھێزکردنی خۆی."
سەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان رایگەیاند: "لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا لەگەڵ بەدەپە بەشدار دەبن، بەڵام بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا بەدەپە ھیچ پاڵێوراوێک دەستنیشان ناکات و ھەمووی پالێوراوان لە لایەن ھەدەپەیەوە دەستنیشان دەکرێن.
ئۆنەن گوتی" رێباز و شێوازی رابردوومان لە سیاسەت وەلاوە ناوە، لەگەڵ ئەوانەی کە ئۆپۆزسیونن پێکەوە کار دەکەین و ھەوڵ دەدەین رەوتی چەپ لە تورکیا بگۆڕین، چەپگەرە ئۆپوزسیونەکانی تورکیا کۆ دەکەینەوە و ئۆپۆزسیونێکی چالاک دادەمەزرێنین."