بەرلین
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی چاودێریکردنی تەلەفۆنی راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنجێلا مێرکڵ، لەلایەن ئەمریکاوە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بالیۆزی ئەمریکای لە بەرلین بانگکردە وەزارەتەکەی.
بە گوێرەی ھەواڵێکی گۆڤاری دێرشپیگڵی ئەڵمانی، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دوێنێ چوارشەممە دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی چاودێریکردنی تەلەفۆنی مێرکڵ لەلایەن ئەمریکاوە، باڵیۆزی ئەمریکای بانگکردووەتە بینای وەزارەت تا راستەوخۆ لە سەر ئەو دەنگۆیانە روونکردنەوە بدات.
لەلایەکی دیکە راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنجێلا مێرکڵ، دوێنێ چوارشەممە پەیوەندیی کردووە بە باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکاو لەسەر ئەو دەنگۆیانە قسەو باسیان کردووە، مێرکڵ گوتوویەتی: "ئەگەر ئەو دەنگۆیانە راستبن، ئەوا ئەڵمانیا ھەڵوێستی دەبێ و بە ھیچ شێوەیەک ئەو جۆرەھەڵسوکەوتانە قەبوڵ ناکا."
گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند: "بۆ دوو وڵاتی دۆستی وەکو ئەڵمانیا و ئەمریکا ھیچ پێویست ناکات چاودێری لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی یەکتر بکەن، چونکە چاودێریکردنی ئەو پەیوەندییانە دەبێتە ھۆی نەمانی متمانە لە نێوانیاندا."