بەغدا
لە لێدوانێکی تایبەت بە AA راوێژکاری رۆژنامەزانی سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی موسەوی رایگەیاند: ھەندێ ئاماژەی باش بۆ پێشوەچوونی پەیوەندی نێوان عێراق و تورکیا ھەیە بەتایبەت دوای گۆڕینەوەی سەردانە دیبلۆماسیەکانی نێوان ھەردوولا و پەیوەندی نێوان ھەردوولا ئاسایی یە.
موسەوی ھەروەھا گوتی: "حکومەتی عێراق ئامادەیە بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی ھەر ھەنگاوێکی ئەرێنی تورکیا بداتەوە بەشێوەیەک لە بەرژەوەندی ھەردوو وڵاتدا بێت و دوو رۆژ پێش ئێستا بەرێگەی سەرۆکی لێژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا ڤۆلکان بوزکیر سەرۆکوەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان داوەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق نوری مالیکی کردووە سەردانی تورکیا بکات. بەغدا چاوەڕوانی سەردانێکی وەزیری دەرەوەی و سەرۆکی پەرلەمانی تورکیایە بۆ عێراق و دواتر مالیکیش سەردانی ئەنقەرە دەکات."
موسەوی ھەروەھا جەختی لەسەر پێویستی دروستکردنی پەیوەندی نێوان عێراق و تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لەسەر بنەمای دراوسێتی و دەست نەخستنە ناوکاروباری یەکتری لەپێناو پاراستنی ئەمن و ئارامنی دەوەرەکە کردەوە بەتایبەت کە بە درێژایی مێژوو پەیوەندی نێوان عێراق و تورکیا رووبەرووی پچڕان و قەیران نەبۆتەوە و گوتی: "ئێستا ھەبوونێکی بەھێزی تورکیا لە بازاڕەکانی عێراقدا ھەیە بۆیە پەیوەندی ئابووری نێوان ھەردوو وڵات رووبەرووی ئالۆزی نابنەوە ھەرچەندە پەیوەندیە سیاسیەکان ھەندێ جار ئالۆزیان تێدا درووستبووە. ئێمە پشتگیری بەھێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و سیاسیەکانی نێوان ھەردوو وڵات دەکەین و پێویستە پەیوەندیەکان لەسەر بنەمای ھاوبەشی بونتیات بنێین و ئێستا پەیوەندیەکانمان ئاساییین."
دوای ئەوەی ساڵی رابردوو وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داود ئۆغلو بە سەردانێکی نافەرمی لە ھەرێمی کوردستان گەیشتە شاری کەرکوک؛ ئالۆزی لە پەیوەندیەکانی ھەردوو وڵات دروستبوو چونکە بەغدا دان بە سەردانە فەرمییەکان بۆ ھەرێمی کوردستان نانێن و لەو باوەڕەدایە کە ھەر سەردانێک لەو ھەرێمەوە بۆ دەرەوەی وڵات یان پێچەوانەوە؛ دەبێ بە رەزامەندی بەغدا بێت و ھەر سەردانێکیش بەم شێوەیە نەبێت ئەوا بە بەزاندنی سەروەری و دەست خستنە ناو کاروباری ناوخۆی عێراق دەزانێ.
ھەروەھا حکومەتی عێراق داوای لە حکومەتی تورکیا کردوە جێگری سەرکۆماری عێراق تارق ھاشمی رادەستی دەستھەڵاتدارانی عێراق بکاتەوە کە لە تورکیایە و بەشێوەیەکی غیابی سزای لەسێدارەدانی لە دادگای عێراقیەوە بۆ دەرچووە؛ بەڵام ئەنقەرە رەتی دەکاتەوە ئەو کارە بکات.