Sayim Harmancı,Mehmet Dayan
01 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2024
هەکاری - AA
لە قەزای چوکورجای سەربە پارێزگای هەکاری، ئەو کونجییەی بە شێوازی نەریتی بەرهەمدەهێندرێت، بە هاڕینی لە ئاشێکی بەریدن کە مێژوویەکی نزیکەی ٤٠٠ ساڵی هەیە، راشی (تەحین)ی لێ بەرهەم دەهێندرێت و بە مارکەی "زاپ" ئامادە دەکرێت و ڕەوانەی بازاڕەکانی ناوخۆی تورکیا و دەرەوەی وڵات دەکرێت. لەم پرۆسەی بەرهەمهێنانی راشیيەدا هەلی کار بۆ ٢٠ کەس ڕەخسێندراوە.
قەزاکە کە دەکەوێتە نزیک سنووری عێراق و بە چیا دەورە دراوە، لە سایەی ئەو کەشوهەوای مامناوەندەی هەیەتی هەنجیر و هەنار و برنج و خورما و چەندین جۆر بەرهەمی دیکە تیایدا بەرهەمدێت.
لە سایەی ئەو پشتیوانییانەی پێشکەش دەکرێن، کونجیش بووەتە یەکێک لەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی بووەتە سەرچاوەی داهات بۆ جوتیاران.
بەپشتیوانی قائیمقامیەت و شارەوانی قەزاکە، پێنج ساڵ پێش ئێستا "پرۆژەی دۆڵی زاپ" خرایە بواری جێبەجێ کردنەوە و ناوچەکانی چاندنی کونجی و بڕی بەرهەمەکەی زیاد کرا.
جوتیارانی قەزاکە کە لەگەڵ گەرەنتی کردنی کارەکەیان پەرەیان بە بەرهەمەکە دا، لە ئێستادا بڕی بەرهەمی ساڵانەی کونجیان ٢٥ تۆنی تێپەڕاندووە.
قائیمقامیەتی چوکورجا بە کڕینەوەی دەیان تۆن کونجی جوتیاران و هاڕینی لە ئاشێکی بەردینی مێژووییدا، راشی بەرهەمدەهێنێت و بە مارکەی "زاپ" ڕەوانەی بازاڕەکانی دەکات.
سەبارەت بە بەرهەمهێنانی راشی (تەحین) لە قەزاکەیاندا، قائیمقامی چوکورجا، مەرت کومجو ڕایگەیاند: "پێنج ساڵ پێش ئێستا کاتێک دەست بەم پرۆژەیە کرا، لە قەزاکەدا نزیکەی یەک تۆن و نیو کونجی وەردەگیرا. لە ئێستادا دەگاتە نزیکەی حەوت تۆن. لە یەک تۆن کونجی نزیکەی ٨٠٠ کیلۆگرام راشی بەرهەم دێت. لە ئێستادا ناتوانین فریای داواکارییەکان بکەین".