ئەنقەرە
وەزیری وزەی توركیا تانەر یڵدز سەبارەت بە دۆخی HALK BANK لە داھاتەكانی نەوتی عێراق گوتی: "ئێمە دەزانین مالیكی داوایەكی وای ھەیە بەڵام ئەم بابەتە یەكلا نەبووەتەوە.
رێكەوتن لەگەڵ بارزانی لای ئێمە پەسەندە. لەو رێكەوتنامانەدا دەستەواژەیەك ھەیە دەڵێ ئەم مافە ھی توركیایە، ئێمەش بانكی ھاڵكمان پێ باشە. لە بەغدا و ھەولێر لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەتی ناوەندیی عێراق كۆبووینەوە. باسی بانكەكانی ئەمریكا كرا. بەڵام من لێم پرسین ئەم داواكارییە ھی خۆتانە یان ھی بەرپرسانی ئەمریكی؟ گوتیان ئەمە داواكاریی ئێمە نییە. ئێمەیش گوتمان با ئەمریكا خۆی ئەم داوایە لە ئێمە بکا. ساڵانە بە دانانی بڕی 12 تا 15 ملیار دۆلار لەو بانکەدا دەستی پێدەكەین و ساڵ بەساڵ زیاد دەبێ. ئێمە باسی دانانی 35 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا دەكەین."
یڵدز ئاماژە بەوە دا تا ئێستا داواكارییەكی رەسمی لەبارەوە لەلایەن ئەمریكاوە نەھاتووە و گوتی: "ئێمە لە سەر قسەی خۆمان دەمێنین. گوتمان ئەم كارە لەگەڵ بانكێكی رەسمیی خۆمان دەكەین، بڕیارە لەگەڵ بانكی ھاڵك ئەو کارە بكەین. زیانی ھاڵك بانك تا ئێستا لە 2 ملیار دۆلار تێپەڕیوە. دەمانەوێ ئەم دەزگایانەی زیانیان كردوە گەشە پێ بدەین. ئایا ئەم شتە زیانی بۆ كێ ھەیە؟ ئەمە بۆ بەرژەوەندیی ھەموو توركیایە.